سپی وردەكاریی كۆبوونەوەی سێ قۆڵییەكە ئاشكرا دەكات

كۆبوونەوەی یەكێتی‌و پارتی‌و گۆڕان كە لەهەولێر بەڕێوەدەچێت، پاش كەمێكی تر كۆتایی دێت‌و سپی وردەكاریی ناو كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار‌و بەرپرس لەناو كۆبوونەوەكە بە سپی راگەیاند لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وتوویەتی: ئێمە‌و پارتی رۆژی یەكشەممە رێكەوتووین لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و چەند پرسێكی تر، گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشداربن یان نا، پەرلەمان كارا دەكەینەوە.

سەرچاوەكەی سپی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە هەردوو لا نەرمی نواندن هەبووە ‌و ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجامی كۆبوونەوەكە ئیجابی بێت.
ئاماژەی بەوەشدا كە دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكەم كاری دەركردنی یاسای ریفراندۆمە‌و پاش ریفراندۆمیش پەرلەمان قسە لەسەر پرسەكانی دیكەی وەكوو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و پرۆژە حەوت خاڵییەكەی یەكێتی دەكات.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلول كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان یەكێتی و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر دەستیپێكرد

لەو كۆبوونەوەیەدا وەفدی پارتی پێكهاتبوون لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ئازاد بەرواری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە

وەفدی یەكێتیش پێكهاتبوون لە هەریەك لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی و سەعدی پیرە و رزگار عەلی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و عەدنانی حەمەی مینە و بێگەرد تاڵەبانی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی

وەفدی گۆڕانیش پێكدێن لە جەلال جەوهەر، سەرۆكی وەفدەكەیە و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانە، شۆڕش حاجی و رەئوف عوسمان، ئەندامانی خانەی راپەڕاندنن، هیمداد هیرانی و ئاراس وەلی، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیین.



PM:03:57:12/09/2017