ئومێد خۆشناو: پەرلەمان دەست بە كارەكانی خۆی دەكاتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كاراكردنەوەی پەرلەمان نەكەن، ئەوا بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرپەرشتی یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان دەكات.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئەیلول،  لە میانی پێشوازیكردن لە كۆمەڵێك پێشمەرگە كە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبوونەوە و داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانیان دەكرد ڕاگەیاند "كاتژمێرەكانی كاراكردنەوەی پەرلەمان  نزیكتر دەبێتەوە و پەرلەمان دەست بە كارە یاساییەكانی خۆی دەكاتەوە".

لەلایەكی دیكەوە هەر سەبارەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ئومێد خۆشناو بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە "باشترین بژاردە بەلای ئێمە ئەوەیە هەموو لایەنەكان پێكەوە بەو كاتە كەمەی لەبەردەمان ماوە بتوانیین بگەینە ئەو سیغەیەی رێككەوتنێك بكەین‌ و جارێكی تر پەرلەمانی كوردستان بەهەمان دەستەی پێشوو كارا بكرێتەوە، دواتریش هەر گۆڕانكارییەك بكەین بەرێگە ئوسوڵییەكەی خۆی بكەین".
 
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی روونیشیكردووەتەوە، كە ئەگەر لایەنەكانی دیكە بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی نەیەنە پێشەوە و بەشێك نەبن لەپڕۆسەی كاراكردنەوە، ئەوا رێگەیەكی یاسایی ئوسوڵی و یاسایی دەگیریتە بەر لەرێگەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لە ماددەی 22دا رێگەی داوە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێژەی یەك لەسەر چواری ئەندامانی كۆبوونەوەیەك دەكەین‌و داوادەكەین بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە بكات‌و دیسان لەرێگەی پەیڕەوەوە سكرتێرێك هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی هاوكاری ئەو بەڕێزە ببێت‌و كۆبوونەوەكە بەڕێوەببات".
 
سەبارەت بەوەی ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەو شێوازەی باسی لێوەدەكرێت لەچۆنییەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ئەركەكان‌ و دانیشتنەكانی نەهاتنە پێشەوە ئومێد خۆشناو ئەوەی راگەیاند "ئێمە جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەین‌ و خوازیاریین بگەینە سیغەیەك لەرێككەوتن بۆ ئەوەی هەموومان جارێكی دیكە لەو پڕۆسەیە بەشداری ببین، ئەگەر نا بە دڵنیاییەوە بە رێگەیەكی ئوسوڵی دیموكراسی پەیڕەویی یاسای پەرلەمان كارا دەكەینەوە".
 
دەربارەی ئەوەی ئایا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان چۆن دابەش دەكرێتەوە لەكاتێكدا ئەگەر ئەو دوو لایەنەی سەرەوە ئاماژەیان بۆ كرا ئامادە نەبوون بەو شێوازە پەرلەمان كارابكرێتەوە‌و تێبینییان هەبوو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەی راگەیاند "بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆمەڵێك بژاردە هەن، بەڵام هێشتا رێككەوتنی یەكلاییكەرەوە لەسەر ئەو بژاردانە نەكراوە، دەكرێت یەكێك لەو بژاردانە ئەوە بێت سەرۆكایەتی پەرلەمان لەنێوان یەكێتیی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات‌و یەكگرتووی ئیسلامی دابەشبكرێت، یان پێكهاتەكانی دیكەی ئەم وڵاتە لەسەرۆكایەتی پەرلەمان بەشدارییان پێبكرێت".
 
دەربارەی ئەوەی، كە پەرلەمان بۆ تەنیا یەك دانیشتن كارا دەكرێتەوە وەكو ئەوەی هەندێك لایەن باسی لێوەدەكەن، كە گوایە ئەویش بۆ شەرعییەت دانە بە پرسی ریفراندۆم ‌و ئەنجامدانی كە بڕیارە لە 25ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، خۆشناو رایگەیاند "ئەوەی ئەنجامدەدرێت كۆبوونەوەیەكە بۆ تەفویزی ریفراندۆم، كە تەخویلی كۆمیسیۆن بكەین بۆ ئەنجامدانی راپرسی‌و پشتگیریكردنە لەراپرسی‌و ئەو كارانەی لەماوەی رابردوو كراوە، كە ئەمە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان دەبێت‌و دواتر كارەكان بەردەوامدەبن".
 
خۆشناو هەروەها رایگەیاند "نەخێر پەرلەمان بۆ یەك دانیشتن كاراناكرێتەوە، پەرلەمان یەك دانیشتن دەكات وەكو دەستپێك، كە پاش ماوەیەك لەدابڕان دێتەوە بەكارێكی گرنگ‌و بۆ پرسێكی گرنگ كە 100 ساڵە میللەتەكەمان چاوەڕوانی دەكات ئەویش پرۆسەی ریفراندۆمەو دوای ئەوەش كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بە رێگەی ئوسوڵی خۆی دەكەوێتە سەر سكەی خۆی".

دوو ساڵ لەمەوبەر بە بڕیارێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رێگری لە یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرا بگەڕێتەوە پەرلەمان لەهەولێر، لەوكاتەوە پەرلەمانی كوردستان پەكخرا و هیچ دانیشتنێكی نەكردوە
بە پێی رێككەوتنی نوێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیارە لە 14ی ئەیلولی 2017، پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە.

دوێنێ سێ شەممە 12ی ئەیلول كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ چەندین كاتژمێر لەگەڵ هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەجیا ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ گۆڕان كۆبوونەوەی ناوخۆیی ئەنجامدەدا و لە ئەگەری رازی بوونیان وەڵامی پارتی و یەكێتی دەدەنەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی دەكرێت و دوای كۆبوونەوەكە رێككەوتنی كاراكردنەوەی پەرلەمان رادەگەینن.

لە ئەگەری رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی ئەوا سبەی پەرلەمان یەكەمین دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات و بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكات.



AM:11:32:13/09/2017