زانیاری نوێ لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە ئاشکرادەکرێت

 سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی زانیاری لەبارەی سیستمی نوێی موچەوە ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، "لەپەرلەمان پڕۆژەیاسایەک بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەو سیستمی نوێی موچە ئامادە دەکەین".

بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردسان بە میدیاکانی یەکێتی ڕاگەیاندووە "داوامانکردوە کەسانی پسپۆڕ لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئەوانەی کە شارەزان لەبواری داراییدا، بەزوترین کات لەگەڵ حکومەتی ھەرێم کۆببنەوە.".

وتوشیەتی "فراکسیۆنی یەکێتیش پڕۆژەی خۆی ھەیە و بەدانوستان لەگەڵ حکومەت پڕۆژەیاسایەکی تایبەتی دەبێت بۆ دروستکردنی ھاوسەنگییەک لەنێوان موچە پلەباڵاکان و کەمەکان".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتیی ئەوەشی ڕونکردەوە، "کاری سەرەکی ئێمە لەگەڕانەوەمان بۆ پەرلەمان، بریتی دەبێت لەپێداچونەوە بەسیستمی پاشەکەوتی موچەو دروستکردنی فشار لەسەر حکومەت بۆ گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان، ھەروەھا دانانی سیستمێک بۆ موچە کە دادپەروەری تێدابێت و مافەکانی موچەخۆران دەستبەر بکرێت".

بەوتەی سەرکردایەتیەکەی یەکێتیی کە ھاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیشە لەپەرلەمان، جەختیانکردۆتەوە لەسەرئەوەی پێش وادەی ڕیفراندۆم، پەرلەمان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم لەگەڵ لیژنەیەکی شارەزادا دەبێت کۆببێتەوە، "ھەوڵی جدی دەدەین پێش ڕیفراندۆم یاسایەک بۆ موچە لەپەرلەمان ئامادەو پەسەندبکەین".



PM:03:58:15/09/2017