ئەبوكاروان پۆستی سکرتێری پەرلەمانی ڕەتکردەوە

لەكۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان، ئەبوكاروان، سەرۆكی فراكسیۆنی حیزبی شیوعی كوردستان رەتیكردەوە كە ببێتە سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و ڕاشیدەگەیەنێت "کاراکردنەوەی پەرلەمان نابێت بە شێوەی شكلی و بۆ ئەجێندای حیزبی بێت".

ئەبوكاروان لە لێدوانێك بە سپی رایگەیاند "لەكۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیاری پێكراوە تا بە جێگەی بێگەرد تاڵەبانی ببێتە سكرتێری پەرلەمان بەڵام ناوبراو رەتیكردوەتەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی شیوعی هەروەها لەوتارێكدا پێیوایە "كارا كردنەوەی پەرلەمان نابێت بە شێوەی شكلی و بۆ ئەجێندای تایبەتی بێت".

دەقی وتارەكە بخوێنەرەوە:

بەڕێزان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان

دوای ساڵێك و یازدە مانگ لەپەكخستنی پەرلەمان و ئەنجام نەدانی كۆبوونەوەكانمان هەستێكی پڕ لە نیگەرانی و هەوەها خۆشی دایگرتووم، چونكە بۆ ماوەی ٢٢ مانگە ئەم پەرلەمانە و كارە پیرۆزەكانی كرایە قوربانی ململانێی ناڕەوا و لەبری ململانێی شارستانیانەی پەرلەمانی، ململانێی تەسكی حزبایەتی و كۆبوونەوەی دوور و درێژی بێبەرهەمی حزبی و زمانی زبر و یەكتر شكاندن و تەخوینكردن بووە بەدیل. كاری پەرلەمانی كوردستان وەك لای هەموولایەك روونە، دەرچواندنی یاساكان و چاودێریكردنییەتی، هەروەها پەرلەمان رۆڵی گەورەش لەبەدیهێنانی خەونی میللەتدا دەبنێت، بەڵام ئەم پەرلەمانە بۆ ماوەی نزیكە دووساڵە ئەم كارە پیرۆزانەی لێ‌ زوەتكراوە، ئایا پێتان وایە كێ‌ بەرپرسیارە؟

ئەمڕۆ جارێكی تر لەم هۆڵەدا و لەم چركەساتە هەستیارەی كە میللەتەكەمان پێدا تێپەر دەبێ كۆبوینەوە بەبێ‌ ئامادەبوونی چەند فڕاكسیۆنێك و پەرلەمانتارێك كە بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبێ‌ لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان و كۆدەنگی لەبڕیارەكان بەتایبەت لەسەر پرسە چارەنوسسازەكان، ئومێد دەكەم ئەو لایەنانەی بوونە هۆی پەكخستنی پەرلەمان، بەپێی ئەندازەی بەرپرسیارییەتی و بەشدارییان لانی كەم سودیان لە هەڵەكانی ڕابردوو بینیبێت و جارێكتر هیچ كەس و لایەنێك لەژێر هەر پاساوێكدا بێت دەستی بۆ نەبەن و پەڵەیەكی ڕەشتر نەخرێتە نێوچاوانی ئەزموونەكەمان.

بەڕێزان!

پێش پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان چ وەك پەرلەمانتار، چ وەك حزبی سیاسی و چەند پەرلەمانتار و حزبی دیكە، هەوڵماندا بۆ ئەوەی پەرلەمان لەكار نەخرێت، بەڵام ململانێی حزبی، گوێنەگرتن لەیەكتر، بایەخ نەدان بەتەوافقی سیاسی لەم قۆناغە گرنگەی كە گەلەكەمانی تێدا دەگوزەرێ، گوێنەدان بەیاسا و ڕێساكان، میحوەربەندی بەرامبەر یەكتر، كاركردن بەعەقڵیەتی دۆڕاو و براوە، ئەمانەو دەیان بابەت و هۆكاری تر بوونە هۆی پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان كە مەرجەعێكی گرنگی یاسایی و سیاسی هەرێمی كوردستانە، پەكخستن و ئفلیجكردنی دامەزراوێكی شەرعی وا، كاریكردە سەر تێكڕای وەزعی كوردستان و تەنانەت تێڕوانی دۆستەكانمان لەدەروەی وڵات لەسەر ئەوزموونی كوردستان.

ئاسایكردنەوەی پەرلەمان یەكێك بووە لە خاڵە سەرەكییەكانی كارە سیاسەیەكانی حزبمان، حزبی شیوعی كوردستان و چەندین لایەنی سیاسی و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و نوسەران و ڕۆشنبیران و سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان، جگە لە هەوڵ و كۆشەش لە میانی كۆبوونەوەو دیدارەكانمان لەگەڵ یەك بەیەكی حزبە سیاسیەكان.

پەرلەمانی كوردستان بەری رەنج و خەبات و قوربانی گرنبەهای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، هەروەها باڵاترین دامەزراوەی شەرعی خەڵكە، مایەی قبوڵكردن نییە كاراكردنەوەی بەشێوەیەكی شكڵی بێت، بۆیە ئێمە وێڕای تەئكیدكردنەوەمان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە نێوپەرلەمان و تێپەڕاندنی ئەو دۆزە ڕەوایەی گەلەكەمان كە ساڵەهای ساڵَە خەبات و تێكۆشان و قوربانی بۆ دەدات، لەهەمانكاتدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەكەینەوە:

١. هەنگاونان بۆ باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و لە پێش هەمووشیانەوە هەڵوەشانەوەی پاشكەوتی زۆرەمڵێی موچە، كە سیستەمی موچە و دەستكاریكردنی لە سەڵاحیاتی حەسری پەرلەماندایە.

٢. جەخت لەسەر هەموواركردنەوەی یاساكانی وەبەرهێنان و نەوت و گاز و یاسای خانەنشین و یاسای كارو یاسای ئیمتیازاتی كەس وكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەكەینەوە، بەئاڕاستەی بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خەڵكە ڕەنجدەر و زەحمەتكێشەكەی.

3. جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە هەرچی زووە پەرلەمانی كوردستان لەكارە پێشینەیەییەكانی تەواوكردنی پڕۆسەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم و چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم بێت بەتەوافقی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان.

4. نەبوونی دەستور كاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر چارەسەرنەكردنی كێشە یاسایی و سیاسییەكان و هەڵدان بۆ تەواوكردنی دەستور ئەركێكی تری بەپەلەی پەرلەمانی كوردستانە.

لەكۆتاییدا جەخت لەسەر ئاسییكردن و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەینەوە، هیوادارین مەبەست لەم هەنگاوە تەنها جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی حزبی نەبێت و سەرەڕای گرنگی ئەنجامدانی ریفراندۆم كە بابەتێكی ژیانییە بە نیسبەت گەلی كوردستانەوە كاروانی كاری سیاسی بە رێوشوێن و ئاسایی و یاسایی خۆیدا بڕوا و لەكاتی خۆیشیدا بێ دواخستن هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێن و لەم كۆبونەوەشدا پێشنیار دەكەین راسپاردە دەربچێت بۆ ئەو مەبەستە.

لەگەڵ رێزدا ....

ئەبو كاروان

سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئازادی لەپەرلەمانی كوردستان

15/9/2017




AM:11:11:16/09/2017