پەرلەمان گفتوگۆی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە دەکات

پەرلەمانی کوردستان پرۆژە بڕیارێکی ئامادەکردووە کە لە رۆژانی داهاتوو دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی بۆ سازدەکرێت، بەپێی ئەو پرۆژەیە ئەگەر بڕیاری لەسەر بدرێت پاشەکەوتی مووچە نامێنێت.

بەگوێرەی ئەو پڕۆژە یاسایەی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كراوە و ماڵپەڕی "وشە" بڵاویکردۆتەوە،
لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو پارەیەی لە مووچەخۆرانیش بڕدراوە دەدرێنەوە.

لە پرۆژەکەدا هاتووە ئاساییكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە لابردن و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (٦٤)ی ئەنجوومەنی وەزیران لە ٣-٢-٢٠١٦ كە تایبەتە بە پاشەكەوتی سەرمووچەی فەرمانبەران، هەروەها گەڕاندنەوەی بڕی مووچەی پاشەكەوتی سەر مووچەی فەرمانبەران لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ تا دوا مانگی پاشەكەوت بە پێی خشتەیەكی بەیانی تا لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵ بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران.

لە بەشێكی پڕۆژە یاساكەدا هاتووە، فەرمانبەران دەتوانن تا كۆی پاشەكەوتەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە، دەتوانن پارە پاشەكەوتكراوەكانیان بۆ دانەوەی قەرزە حكوومەتییەكان و كرێی خانوو و ئاو و كارەبا و خوێندنی تایبەت و حكوومی و خزمەتگوزارییەكان سوودی لێ ببینن، هەروەها مووچە نەدراوەكانی ساڵی ٢٠١٥ و دوایی لە ماوەیەكی دیاریكراودا بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە.

ماڵپەڕەکە بڵاویکردۆتەوە، لە بەشێكی پڕۆژە یاساكەیشدا هاتووە، بڕیاری (٦٤) ی ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە پاشەكەوت نایاسایی بووە و بەبێ ئاگەداری دەسەڵاتی یاسادانان دەركراوە و سەرجەم ئەو بڕیار و ڕێنوێنی كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكانەوە دەركراون بەمەبەستی زیادكردنی باج و سەرانە و ڕسوومات، هەڵبوەشێنرێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە ئەم پڕۆژە بڕیارە جێبەجێ بكات، ئەم پڕۆژە بڕیارە لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان )دا جێبەجێ دەكرێت.



PM:07:04:17/09/2017