هێرۆ ئیبراهیم پێشنیار بۆ بارزانی دەکات دوو ساڵ ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستڕۆشتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو سەردانەیدا کە رۆژی ١٧ ی ئەیلول بۆ لای بارزانی ئەنجامی دا، داوای کردووە دوو ساڵ ماوەی پەرلەمانی کوردستان درێژبکرێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" رۆژی ١٧ ی ئەیلول کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەردوو کوڕەکەی بافڵ و تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانیان کردووە، جگە لەوەی بنەماڵەێ تاڵەبانی میوانی بارزانی بوون، هاوکات لە کۆبوونەوەی ئەو دوو بەرپرسە، هێرۆ ئیبراهیم داوای لە بارزانی کردووە کە هەڵبژاردن نەکرێت و، ماوەی دوو ساڵ تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە". ( درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان واتە درێژکردنەوەی دوو ساڵی تەمەنی حوکمەت و درێژکردنەوە تەمەنی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم ).

سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە بارزانی کردووە کە ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان لە ٢٥ ی ئەیلولدا ئەنجام نەدرێت، وەک ئەو ئاماژەی بۆ کردووە لەبەر ئەو مەترسیانەی رووبەرووی کورد لەو ناوچە جێناکۆکانە دەبێتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، بارزانی پێشنیاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی لەمەڕ درێژکردنەوەی دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکی هەرێمی لەلا پەسەندبووە، بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆمیش لە ناوچە جێناکۆکەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو پرسە لە ئەنجومەنی بالآی ریفراندۆم باس دەکەن کە ئەو رۆژە دوای ئەو کۆبوونەوەیەی نێوانیان، کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆم ئەنجام درا.

لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ٧ ی ئەیلول بەزۆرینەی دەنگ بڕیار دراوە کە یەکێتی کار بکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان.

دەربارەی ئەوەی یەکێتی داوای دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کردووە، سەرچاوەکی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە یەکێتی لەوە دڵنیایە کە هەڵبژاردن بکرێتەوە، یەکێتی ئەو ١٨ کورسیەی لە پەرلەمانی کوردستان لەدوا هەڵبژاردندا بەدەستی هێنا، ئەمجارە زۆر لەوە کەمتریش دەهێنێت.
 
ماڵپەڕی سپی یەکەم میدیای کوردی بوو کە رۆژی ١٧ ی ئەیلول کۆبوونەوەی نهێنی نێوان بارزانی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی بلآوکردەوە.



PM:02:59:19/09/2017