گۆڕان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم پێشكەشكرد

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە1/11/2017 لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت كاندیدی خۆی راگەیاند.

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێم رایگەیاند "كاتی پێشكەشكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەرەو كۆتایی دەچێت و تا ئێستا یەك كاندید لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشكەش كراوە".

وتەبێژەكەی كۆمیسۆن ئەوەشی ئاشكراكرد پێشتریش چەند كاندیدێك داواكاری پێشكەش كردووە بەڵام هیچ كام لەو داواكارانە ڕێكاری یاساییان تەواونەكردوە.

شیروان زرار ڕاشیگەیاند "لە ڕۆژی 15ی ئەم مانگەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات".

پێشتر "سپی میدیا" وەك یەكەم دەزگای میدیایی ئەوەی ئاشكراكرد محەمەد تۆفیق رەحیم، رێكخەری‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەربچێری گۆڕان دەبێت بۆ ئەو پۆستە.

محەمەد تۆفیق رەحیم لەدایكبووی ساڵی 1953 لەشاری سلێمانییە، زاوای نەوشیروان مستەفا، رێكخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانە.

محەمەد تۆفیق پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و یەكێك لە كادیرە باڵاكانی كۆمەڵەی رەنجدەران بووە، لەسەردەمی حكومی بریمەر لە عێراق وەزیری پیشەسازی عێراق بووە، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی جیابووەوە‌و یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕانە.

لەئێستادا محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخەری‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانە.



PM:02:16:03/10/2017