وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: مام جەلال سەركردەیەكی ڕاستەقینەی سەرجەم عێراقییەكان بوو

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، وێڕای پرسە و سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی مام جەلال ڕایدەگەیەنێت " ئەو سەرۆك كۆمار و سەركردەیەكی ڕاستەقینەی سەرجەم عێراقییەكان بوو".

هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەوانشتن ڕایگەیاند " وەك حكومەتی ئەمریكا زۆر غەمباربووین بە بیستنی هەواڵی مردنی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق، بەو بۆنەیەشەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی تاڵەبانی و سەرجەم عێراقییەكان دەكەین".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە باسی مام جەلالدا دەڵێت "ئەو سەرۆك كۆمار و سەركردەیەكی ڕاستەقینەی سەرجەم عێراقییەكان بوو".

هاوكات دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بۆ كۆچی دوایی مام جەلال، لە تویتێكدا كە لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، نوسیویەتی "دڵتەنگی خۆم بەكۆچی دوایی مام جەلال ڕادەگەیەنم، بەڵام ژیانە ناوازەكەی بەرز دەنرخێنم، جیهان بیرت دەكات مام جەلال، خوای گەورە بتپارێزیت".

جەلال تاڵەبانی، ناسراو بە مام جەلال لەدایكبووی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ ، سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقە. تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێدرا و لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ كۆتایی بە پۆستەكەی هات.

دوێنێ سێشەممە 3ی تشرینی یەكەمی 2017، مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەتەمەنی 84 ساڵیدا لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.


AM:11:48:04/10/2017