بێگەرد تاڵەبانی: مام جەلال وەسێتی كردووە لە كۆیە بنێژرێت

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند، دوو بەیانی تەرمی مام جەلال دەهێندرێتەوە بەغدا و دواتر دەهێندرێتەوە هەرێمی كوردستان، وەسیەتێكیشی لەبارەی شوێنی ناشتنیەوە ئاشكرادەكات.
 
بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگەیاند "سبەی لە كاتژمێر ١٠ وە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی پرسە دادەنرێت و وابڕیارە لیژنەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیار لەسەر شێوازی پرسەكە و شوێنی ناشتنی تاڵەبانی بدات".

سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمەكەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی  وتی "دوو بەیانی تەرمی دەهێندرێتەوە بەغدا بە حوكمی ئەوەی سەرۆك كۆماری عێراق بووە و دواتر دەهێندرێتەوە هەرێمی كوردستان".
 
وتیشی "جەلال تاڵەبانی وەسێتی كردووە كە لە شاخی كۆسار لە كۆیە بنێژرێت، بەڵام لیژنەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیار لەسەر شوێنی ناشتەنەكەی دەدات".

جەلال تاڵەبانی، ناسراو بە مام جەلال لەدایكبووی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ ، سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقە. تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێدرا و لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ كۆتایی بە پۆستەكەی هات.

دوێنێ سێشەممە 3ی تشرینی یەكەمی 2017، مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەتەمەنی 84 ساڵیدا لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.



AM:11:59:04/10/2017