مامۆستایەكی باسی سەردەمی قۆناغی منداڵی مام جەلال دەكات

سكرتێری پێشوی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی كوردستان، كە مامۆستای مام جەلال بووە، چەند یادەوەرییەكی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تاڵەبانی دەگێڕێتەوە.

كەریم ئەحمەد، سكرتێری پێشوی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی كوردستان لە پرسەی مام جەلال لەشاری هەولێر  لە باسی تەمەنی منداڵی مام جەلالدا ڕایگەیاند "لە قۆناغی سەرەتاییەوە مام جەلال یەكێك بووە لەخوێندكارە جیاواز و زیرەكەكان، كە توانای تێگەیشتنی بە بەراورد بە تەمەنی زۆر جیاواز بووە و هەمیشە لای مامۆستاكانی خۆشەویست بووە".

ئەو كە هاوكات مامۆستای مام جەلال بووە و پەیوەندیەكی پتەو و چەند ساڵەی لەگەڵیدا هەبووە بە خەمباریەوە بە باسی یادەوەریەكانی دەكرد و وەك خۆی دەڵێت لە قۆناغی شەشی سەرەتاییدا مامۆستا پرسیارێكی سیاسی لە تاڵەبانی دەكات و دوای ئەوەی وەڵام دەداتەوە، مامۆستاكانی خوێندنگاكەو دەوروبەر لەنێو خوێندنگاكەشدا ناوی دەكەنە مام جەلال، ئیدی ئەو نازناوەی بەتەواوی پێبەخشرا.

جەلال تاڵەبانی، ناسراو بە مام جەلال لەدایكبووی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ ، سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقە. تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێدرا و لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ كۆتایی بە پۆستەكەی هات.

دوێنێ سێشەممە 3ی تشرینی یەكەمی 2017، مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەتەمەنی 84 ساڵیدا لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.



PM:01:39:04/10/2017