لە عێراق و ڕۆژئاوای كوردستانیش سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیەندرا

ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی ڕۆژئاوای كوردستان سێ ڕۆژ ماتەمینی بەهۆی گیان لەدەستدانی تاڵەبانییەوە ڕاگەیاند، بە هەمان بۆنەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی رادەگەیەنێت.

ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی ڕۆژئاوا ڕایگەیاندووە، بە هۆی مەرگی تاڵەبانییەوە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرجەم گەڵی كوردستان دەكەین و سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕادەگەیەنین.

هاوكات هەر ئەمڕۆ سكرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرەخۆشی لەگەلی عێراق دەكات بەهۆی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و ماوەی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی رادەگەیەنێت".

جەلال تاڵەبانی، ناسراو بە مام جەلال لەدایكبووی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ ، سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقە. تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێدرا و لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ كۆتایی بە پۆستەكەی هات.

دوێنێ سێشەممە 3ی تشرینی یەكەمی 2017، مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەتەمەنی 84 ساڵیدا لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.



PM:02:14:04/10/2017