فراكسیۆنی یەكێتی داوای لێكۆڵینەوە لە دانانی ئاڵای كوردستان لەسەر تەرمی مام جەلال دەكات

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق داوای لە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كردوە تا سەبارەت بە مەراسیمی هێنانەوەی مام جەلال لە فرۆكەخانەی سلێمانی‌و دانانی ئاڵای كوردستان لەسەر تەرمەكە لێكۆڵینەوە بكات.

بەپێی هەوالێكی هەواڵنێری فەرمیی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) لەمبارەیەوە شوان داودی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی وتویەتی "مام جەلال هەروا كە خەباتكارێكی كورد بوو، هاوڵاتییەكی عێراقیش بووە‌و زیاتر لە 70 ساڵی تەمەن بۆ دیموكراسی عێراق‌و مافی چارەی خۆنوسینی خەڵكی كوردستان تەرخان كرد.

وتیشی: ئەوەی كە لەمەراسیمی هێنانەوەی تاڵەبانی روویدا، نەك تەنیا لە شكۆی مام جەلال‌و وڵاتی عێراقی كەم نەكردەوە، بەڵكو شكۆ‌و پێگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی‌و لەناو خۆی عێراق كەم كردەوە.

داودی جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەئەنجامی ئەو رەفتارانەی لە مەراسیمەكەدا دروست بوو، بەتایبەتی كە ئاڵای عێراق لەسەر ئۆتۆمبیلی هەڵگری تەرمی تاڵەبانی بووە‌و رێوڕەسمەكەش بە سرودی نیشتمانی عێراق دەستی پێكردوە، ناڕەزایی لەنێوان یەكێتی بوونی هەبووە.
 حەیدەر مۆلا، پەرلەمانتاری عێراق دوێنێ هەینی رایگەیاند كە 10 كەس لە پەرلەمانتارانی عێراق بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە ئاڵای كوردستان لەسەر تەرمی تاڵەبانی بەشدارییان لەمەراسیمی بەخاك سپاردنی تەرمی مام جەلالدا نەكرد.

چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی هێنانەوە‌و بەخاك سپاردنی مام جەلال‌و مەسەلەی ئاڵای كوردستان، لەنێو سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گرفتی دروست كردوە.



AM:11:45:07/10/2017