ئیدارەی گەرمیان بەبۆنهی كۆچی دوایی مام جەلالەوە، سبهینێ یەكشەممە دەكاتە پشووی فەرمی و پرسەش لە مزگەوتی سەردار جاف لە گەرەكی كەلار كۆنی شاری كەلار بەرێوەدەچێت.
له راگهیهندراوێكدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە سهلاح كوێخا، سهرپهشتیاری ئیدارهی گهرمیان ڕایدەگەیەنێت "سبەینێ یەکشەممە 8ی تشرینی یهكهمی 2017، بەبۆنەی پرسەی سەرۆک مام جەلال لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لە سنووری ئیدارەکەمان پشووی فەرمی دەبێت، پرسەکەش کاتژمێر 7:30 خولهكی بەیانی لە مزگەوتی سەردار جاف لە شاری کەلار بەڕێوەدەچێت بۆ ئاگاداری هەموو لایەک".
لە ڕاگەێەندراوەکەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیاندا هاتووە "بەناوی ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی سنورەکە، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکومەت و سەرجەم چین و توێژەکان و هاوڵاتیانی خۆشەویستی گەرمیان دەکەین کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە مەراسیمی ماتەمینی و ناشتنی تەرمی سەرۆک مام جەلال لە شاری سلێمانی بەشدار بوون و زەحمەتیان کێشا".
رۆژی سێشهممه 3ی تشرینی یهكهمی 2017، مام جهلال سهرۆك كۆماری پێشووی عیراق و سكرتێری گشتی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له تهمهنی 84 ساڵیدا و له وڵاتی ئهڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
دوێنێ هەینی 6ی تشرینی یەکەم تەرمەکەی هێنرایەوە سلێمانی و لەگردی دەباشان بەخاک سپێردرا.