فازل میرانی: ئێمە و یەكێتی رێککەوتنێکی تازە دەکەین

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند" ئێمە و یەكێتی بەنیازی رێککەوتنێکی تازەین".

لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەی تاڵەبانی لە هەولێر فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بە ڕووداوی راگەیاند" 
لەگەڵ یەكێتی بەنیازی رێککەوتنێکی نوێن، رێککەوتنەکەش لەپێناو بەرژەوەندی کورد و کوردستان دەبێت".

میرانی وتیشی " "ئێمە لە دۆخێکداین پێویستمان بە یەکڕیزی و ئاشتەوایی سیاسی هەیە، پێویستمان بەوەیە پیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە خاوەنی ئەرزی خۆمانین، هەڵەیەکی وا گەورەمان نەکردووە جیهان وا لێمان زیزبێت، بەڵکو پرۆسەیەکی دیموکراتیمان ئەنجامداوە، مافی میللەتانیش دەستێنرێت، کەس ماف بە کەس نادات".

سەبارەت بە شێوازی رێککەوتنەکەش فازڵ میرانی رایگەیاند: "رێککەوتنەکە بەهەمان شێواز نابێت، چونکە بارودۆخەکان گۆڕاون، بارودۆخی خودی و بابەتی گۆڕاوە، بەدڵنیاییەوە رێککەوتنەکەی ئێمە و یەکێتی لەپێناوی بەرژەوەندی کورد و کوردستان دەبێت و بەو هیوایەشم هێزەکەی لە رێککەوتنەکەی پێشوو بەهێزتر بێت".

دەربارەی ریفراندۆم و پەیوەندی ئایندەی هەرێم و بەغدا، میرانی وتی "کۆنفیدراڵی باشە بەمەرجێک حاکمەکەی بەغدا بە خەشیممان نەزانێ، ئەگەر دان بە دەوڵەتی کوردیدا بنێن لەسەر کۆنفیدراڵی قسەیان لەگەڵ دەکەین".

لەبارەی رێککەوتنێکی گشتگیریش لەنێوان سەرجەم لایەنەکان فازڵ میرانی دەڵێت: "ئەگەر ئەوە بکرێت باشترە، بەرەی کوردستانی زیندوو دەکەینەوە".



PM:10:16:07/10/2017