گۆڕان لەسەر کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم هاتە دەنگ

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند " "ئەگەر کۆمسیۆن محەمەد تۆفیق ڕەحیم قبوڵ نەکات وەک کاندیدی سەرۆکایەتی سکاڵا تۆمار دەکەین".

ئیسماعیل نامیق ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵێ ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند " دەبێت لە مانگی ١١ ی ئەمساڵەوە محەمەد تۆفیق ڕەحیم پۆستی سەرۆکی هەرێم وەربگرێت، چونکە تاکە کاندیدە بۆ ئەو پۆستە".

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی وتیشی " کۆمسیۆن خۆی ئەو کاتەی بۆ تۆمارکردنی ناوی کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکردووە کە کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمسیۆن لە دیاری کردنی ئەو کاتەدا بەپێی یاسا هەڵە نەبووە، جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە کە "ئەگەر کۆمسیۆن لەکاتی ناو تۆمارکردنیشدا بۆ کاندیدەکانی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵەبووبێت دەبێت کۆمسیۆن خۆی بەرپرسیارێتی ئەو هەڵەیە بگرێتە ئەستۆ".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر ناوی کاندیدەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ڕەتبکرێتەوە، چۆن کۆمسیۆن دەتوانێت ناوی کاندیدی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەربگرێت.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەگەر کۆمسیۆن سبەینێ بە ڕەتکردنەوە یان قبوڵ نەبوونی ناوی محەمەد تۆفیق ڕەحیم وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان بداتەوە، ئەوا لە دوو بەیانییەوە سکاڵا لە دادگای تێهەڵچوونەوە تۆمار دەکەن، چونکە کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەرۆکی هەرێم لە وادەی دیاریکراوی کۆمسیۆندا ناوی تۆمارکردووە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، ئیسماعیل نامیق ئەوەشی وت "هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، چونکە کۆمسیۆن لە مانگی ڕابردوودا توانی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و بۆیە دەشتوانێت هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئەنجام بدات".



PM:08:14:08/10/2017