گۆڕان و کۆمەڵ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

گۆڕان و کۆمەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان ڕەت دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن "بەهۆی بڕیاری سیاسی نادروستی چەند لایەنێک دوور نیە دەسکەوتەکانى گەلەکەمان لە دەست بدەین".


بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکى هاوبەشدا ڕایانگەیاند،"ئەمڕۆ گەلەكەمان لە باشوری كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی جدیدایە، كە دور نیە ببێتە مایەی لەدەستدانی دەستكەوتەكانمان و بەفیڕۆدانی خوێن و فرمێسكی هەزاران تێكۆشەر و قوربانیانی خەڵكی كوردستان".

گۆڕان و کۆمەڵ  ڕاشینگەیاندووە "ئەو مەترسیانەش لە ئەنجامی بڕیاری سیاسی نادروست و بەهەندنەگرتنی مەترسییەكان و گەڕانە بەدوای بەرژەوەندی كەسی و حیزبی دا. یەكێك لەو بڕیارە هەڵەو مەترسیدارانەش رەتكردنەوەی داواو دەستپێشخەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەوڵە ناوخۆییەكان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بو لەم هەلومەرجەدا بەبێ‌ زەمینەسازی".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بڕیاردان لەلایەن سەركردایەتی  چەند حیزبێكی كوردستان، كە هەر رۆژەی لەژێر ناوێكی داتاشراوەوە دەردەكەون، بەبێ‌ گوێدانە یەكڕیزیی نیشتمانی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، هەنگاوێكی مەترسیدارە لەسەر دواڕۆژی گەلەكەمان، ئەم هەنگاوەیان بوەتە مایەی پەراوێز خستنی رۆڵی دامەزراوە شەرعیەكانی كوردستان".

گۆڕان و کۆمەڵ  دەشڵێن "كاراكردنەوەی پەرلەمان لەدوای دو ساڵ پەكخستنی بەو شێوازەی ئێستا‌و هەوڵەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی گشتی ‌و بەكارهێنانی پەرلەمان بۆ شەرعیەتدان بە بڕیارە كەسی و حیزبیەكانیان‌ و پێشێلكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی هاوڵاتیان، گورزێكی كوشندەی دیكەیە لە خەون و ئامانجەكانی گەلەكەمان".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە "ئێمە لە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ، كە سێ یەكی پەرلەمانی كوردستانی عێراق پێكدەهێنین‌ و ، نوێنەرایەتی رێژەیەكی بەرچاوی خەڵكی كوردستان دەكەین ، رایدەگەیەنین كە سەركردایەتی ئەو حیزبانە بەرپرسیارن لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك كە لە ئەنجامی بڕیاری هەڵەی ئەوانەوە روبەڕوی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە".

سەبارەت بە هەنگاوەکانى بەغداش ، ڕایانگەیاندووە "لەسەر حكومەتی فیدراڵی عێراقیش پێویستە هیچ هەنگاوێك نەنێت كە ببێتە مایەی تێكدانی ئارامی‌ و خوێنڕژانی هاوڵاتیان، بەڵكو گفتوگۆ و دانوستان تاكە رێگای چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی  فیدراڵیە".

لە ماوەى ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە کە هەوڵێک هەیە لەلایەن یەکگرتوو پارتی و یەکێتیەوە بۆ دواخستى هەڵبژاردنەکان بۆ کاتێکى نادیار.



PM:04:49:12/10/2017