سپی ناوەرۆکی كۆبوونەوەی فوئاد مەعسوم و مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرا دەكات

ئەمشەو د. فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق چەند پەیام‌و داواكاریی گەیاندە مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و سپی ناوەرۆكی داواكارییەكانی ئاشكرا دەكات لە لەلایەن عەبادی‌و حەشدی شەعبی داوا كراون.

سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسپی رایگەیاند: فوئاد مەعسوم لە كۆبوونەوەی ئەمشەویدا لەگەڵ ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەندین داواكاریی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پێڕاگەیاندوون.

بەوتەی سەرچاوەكەی سپی عەبادی‌و حەشدی شەعبی داواكارن كە كورد فرۆكەخانەی كەركوك‌و سەربازگەی كەیوان رادەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی بكاتەوە.

هەروەها داوای رادەستكردنەوەی سەرجەم ئەو چەكدارە داعشانە كراوە كە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە دیلكراون.

سەرچاوەكەی وتیشی: فوئاد مەعسوم بە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راگەیاندوە كە عەبادی‌و حەشدی شەعبی داواكارن سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك‌و دەوروبەری رادەستیان بكرێتەوە‌و سەرجەم ئەو شوێنانەی لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە ئازادی كردون، رادەستی سوپای عێراق بكرێتەوە.

بەوتەی سەرچاوەكەی سپی یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانی عەبادی‌و ملیشیاكانی حەشدی شەعبی لەسەركارلابردنی د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك بووە.

بە پێی زانیارییەكان مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیارە سبەینێ لە كۆبوونەوەیەكی فراوانتر تاوتوێ ئەو داواكارییانەی عەبادی‌و حەشدی شەعبی‌و دۆخی ئێستای كەركوك بكەن.




PM:09:10:13/10/2017