قاسمی سولەیمانی سەردانی ئارامگەی تاڵەبانی کرد


نیوەڕۆی ئەمڕۆ قاسمی سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران سەردانی ئارامگەی جەلال تاڵەبانی کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی یەکەم، قاسمی سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران  لە شاری سلێمانی، سەردانی ئارامگەی جەلال تاڵەبانی کرد.

سەردانەكەی قاسم سولەیمانی بۆ سلێمانی و ئارامگەی مام جەلال لەكاتێكدایە کە لەلایەن بەشێک لەبەرپرسانی هەرێم و بەتایبەت بەرپرسانی پارتی و میدیاکانی ئەو حزبەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت هانی حەشدی شەعبی دەدات بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک و پێشمەرگە.

هاوکات تائێستا نازانرێت کە سولەیمانی لەبارەی ڕەوشی کەرکوک و کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆدەبێتەوە یان نا.

قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی سەر بە كۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە ساڵی 1955 لە ناوچەی كرمان لەدایكبووە لە ساڵی 1988 وەك فەرماندەی فەیلەقی قودس دوای ئەحمەد وەحیدی دەست بەكاربووە و لە 2011 پلە سەربازییەكەی لە لیوا بۆ
فەریق لەلایەن ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی بەرز كراوەتەوە.


سولەیمانی لەلایەن گۆڤاری تایمی ئەمەریكییەوە وەك مەترسیدارترین پیاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەندكرا.



PM:01:52:14/10/2017