یەكێتی‌و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن رێكەوتن

بەپێی پرۆژەیەك پارتی‌و یەكێتی رێكەوتوون بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵبژاردنەكان دوابخەن‌و هیچ لایەنێكیش وەك یەكگرتوو لاری نەبووە.

بەپێی زانیارییەكانی سپی لە پرۆژەكەدا كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەری رێكەوتوو، ئاماژە بە دوو ساڵ نەكراوە تەنیا نوسراوە بۆ چوار خولی گرێدان، واتە دوو ساڵ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكی هەرێم دوا دەخرێت‌و هیچ لایەنێكی سیاسی دیكە لەوانە یەكگرتووی ئیسلامی لاری لەو پرۆژەیە نەبووە.

لەكۆبوونەوەی ئەم دواییەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەپەرلەمانی كوردستان، كۆمیسیۆن وتویانە ئەگەری دەتانەوێت هەڵبژاردنێكی تۆكمە‌و بێ ساختە بكرێت، ئەوا ئەوان ئامادەن لەماوەی شەش مانگدا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدەن.
بەپێی پرۆژەكەی یەكێتی‌و پارتی ئەوەش دەركەوتووە كە بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە.

چاودێرێكی سیاسی كە نەویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە سپی میدیا راگەیاند: ئەم درێژكردنەوەیە تەنها‌و تەنها درێژەدانە بەو دەسەڵاتەی كە لە ئێستادا هەیە‌و بابەتەكەش هیچ پەیوەندییەكی بە كەركوكەوە نیە، چونكە لە بڕگەی ژمارەی 11ی یاسای هەڵبژاردن، قانونی تەكمیلە هاتووە، ئەوەش بەو مانایە كە پاش هەڵبژاردن دەكرێت هەڵبژاردن لەشوێنێكی دیكە واتە لەكەركوكیش بكرێت‌و كۆمسیۆن ئەمەی بە سەرۆكی فراكسیۆنەكان راگەیاندوە.

وتیشی: لە ساڵی 2013ەوە مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی درێژدەكرێتەوە، ئێستاش بەم پرۆژە هاوبەشەی یەكێتی‌و پارتی دوو ساڵی تر سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەتی‌و جێگرەكەی وەك خۆیان دەمێننەوە، بۆیە بەباشی زانی هەڵبژاردن نەكرێت باشترە لەوەی دوو ساڵ درێژ بكرێتەوە.

 وتیشی ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ نەكرێت‌و هەڵبژاردن نەكرێت، حكومەت دەبێتە كار بەڕێكەر، بەڵام ئەو كاتە ناچار دەبین لەماوەی دوومانگ یان سێ مانگ یان زیاتر هەڵبژاردنە بكرێت، بەڵام كاتێك كە لەپرۆژەیەكی وادا پەرلەمانی تەمەنی خۆی درێژ بكاتەەوە، بەمانای دریژكردنەوەی كۆی سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەتە.

هەر لەبارەی كەركوكەوە چاودێرە سیاسیەكە بە سپی وت: ئەوان دەیانەوێت پاساوی ئەوە بۆ پرۆژەكەیان دەهێننەوە كە دەیانەوێت هەڵبژاردن لە كەركوك بكرێت، بەڵام ئەمە راست نیە لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان ئێستا پەشیمانن‌و لە لێدوانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی‌و بەرپرسانی كەركوك ئەوە دەركەوتووە كە دەیانەوێت لەگەڵ حكومەتی بەغدا گفتوگۆ بكەن‌و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە هاوبەشی پێك بێنن. بۆیە ئەمە تەنیا پاساوە بۆ پرۆژەكەیان كە هیچ لایەنێك وەك یەكگرتووی ئیسلامی دژی نەبووە‌و لەگەڵ ئەو پرۆژەیەدایە.



PM:12:15:15/10/2017