سپی ناوەرۆكی ئەو پرۆژەیە ئاشكرا دەكات كە لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی دوكان باس دەكرێت

لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی دوكان كە بەبەشداری فواد مەعسوم، مەسعود بارزانی، كۆسرەت رەسوڵ، هێرۆ ئیبراهیم‌و سەرۆك‌و جێگری حكومەتی هەرێم‌و وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی لە هاوینە هەواری دوكان بەڕێوەدەچێت باس لە پرۆژەیەك دەكرێت كە سپی هێڵە گشتییەكانی ئاشكرا دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی سپی، پێودانگە گشتییەكانی پرۆژەكە كۆمەڵێك داواكاریی بەغدا لەخۆدەگرێت كە پاش جێبەجێكردنیان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادە دەبێت لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی گفتوگۆ بكات.

هێڵگە گشتییەكانی پرۆژەكە بریتین لە:

-    هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە‌و هێزە عێراقییەكان پێكدێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شوێنانەی لەپێش 9/6/2014‌و پێش شەڕی داعش هێزە عێراقییەكانی تێدا بووە، لەوانە: سەربازگەی كەیوان، فرۆكەخانەی كەركوك كە بەپێی زانیارییەكان هێزە ئەمەریكییەكانیش لە سەربازگەی كەیوان دەبن ( تائێستا ئامادەبوونی هێزەكانی ئەمەریكا پشتڕاست نەكراوەتەوە).

-    لیوا تایبەتەكانی تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق، كە هەموویان كوردن سەر بە حكومەتی عێراقن، دەبرێنە ناوشاری كەركوك.

-    هەرچی بیرە نەوتی كەركوكە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیای سۆمۆ بكرێتەوە.

-    نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك لە پۆستەكەی لاببرێت.

ئەم پرۆژەیە سەرەتاكەی  لە 10/10/2017 لە نێوان حكومەتی عێراق‌و یەكێتی‌و بەسەرپەرشتی قاسم سلێمانی لێكتێگەیشتنی لەسەر كراوە‌و ئەمرۆ لە كۆبوونەوەی دوكان باس دەكرێت.

ئەگەری لایەنە كوردییەكان ئەم خاڵانە جێبەجێ بكەن، ئەوا حەیدەر عەبادی ئامادەیە لە بەغدا وەفدی هاوبەشی یەكێتی‌و پارتی ببینێت‌و گفتوگۆكان دەست پێبكات.



PM:01:03:15/10/2017