سکرتێری پێشووی پەرلەمان بەتوندی دژی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانە

سکرتێری پێشووی پەرلەمان، فەخرەدین قادر بە توندی دژی درێژکردنەوەی پەرلەمان دەوەستێتەوە.

لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی پەرلەمان فەخرەدین قادر سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات " خەڵکی کوردستان بۆ چوار ساڵ متمانەی پێداون، وێڕای ئەو هەموو سوکایەتیەی بەئیرادەو کاری ئێوە کرا، مەیەڵن جارێکیتر شکۆتان لەکەدار بکەنەوەو بەئیرادەی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی تەمەنی پەرلەمانتان پێ درێژ بکەنەوە".

بڕیارە پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ ١٨ ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی داخراو لەسەر پرسی کۆتایی هاتنی ئەم خوولەی پەرلەمان بکات.



ده‌قی نامه‌كه‌ی فه‌خره‌دین قادر سكرتێری پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان.


بەناوی خوای گەورە
کۆتا داواکاریم لە پەرلەمانی کوردستان
بەڕێزان/ دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان 
سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان
وێڕای سڵاوو ڕێزم بۆتان....
خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەکۆتا ڕۆژە یاساییەکانی تەمەنیدایەو خەڵکی کوردستان بۆ چوار ساڵ متمانەی پێداون، وێڕای ئەو هەموو سوکایەتیەی بەئیرادەو کاری ئێوە کرا، مەیەڵن جارێکیتر شکۆتان لەکەدار بکەنەوەو بەئیرادەی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی تەمەنی پەرلەمانتان پێ درێژ بکەنەوەو کلتوری درێژکردنەوە لەگۆڕ بنێن، کارە تەواو نەکراوەکانتان لەیاساو بڕیار بسپێرن بەخولی پێنجەمی پەرلەمان بەئومێدی ئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان دەوڵەمەند بێت بەپەرلەمانتاری بوێرترو کارامەو لێهاتوو ترو ئازاد بێت لەژێر هەژموونی حزبە دەستەڵاتدارەکان.
ئەم داوایەم بۆ دڵسۆزی ئێوەو بۆ مێژووی کاری پەرلەمان خستەڕوو.
فخرالدین قادر عارف
سکرتێری پێشوی پەرلەمانی کوردستان
سلێمانی



AM:10:43:18/10/2017