لیستەکەی بەرهەم ساڵح داوای دروستکردنی حکومەتێکی کاتی دەکات

وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە بەیاننامەیەکدا پێشنیازێک بۆ چارەسەری دۆخی ئێستای هەرێم دەخاتەڕوو ڕایدەگەیەنێت "چارەسەر دروستکردنى حکومەتێکى کاتییە کە ئەرکی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بگرێتە ئەستۆ".


رێبوار کریم مەحمود، وتەبێژی  لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بارودۆخی ئەم دواییەی کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستان شکستی سیاسی و حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەسەلمێنێ، ئەم حوکمڕانیە لای خەڵکی کودستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەی لەدەستداوە و ئیعتباری مەعنەوی و سیاسی نەماوە".

ئاماژە بەوە دەکات لەڕوانگەی هاوپەیمانیەوە چارەسەر دروستکردنی حکومەتێکی ئینتیقالیە کە بتوانێت ئەرکی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و چاکردنی بژێوی خەڵک و سازدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بگرێتە ئەستۆ.

وتەبێژی  لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕاشیگەیاندووە "لەئێستادا، دەسەڵاتدارانی کوردستان پێویستە بەرپرسیارێتی دۆخەکە بگرنە ئەستۆ و دان بە شکستەکەدا بنێن و نەکەن ناکۆکییە ناخۆییەکان بوروژێنن و گەلەکەمان بە ئاقاری لەتبوونی کوردستان و بگرە نەهجی شەڕی ناوخۆ بەرنەوە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان وبەردەوامکردنی وگەندەڵی و پاوانکاری".

رێبوار کریم مەحمود  ئەوەشی وتووە "داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین کە ڕێگری لە پێشیلکاری مافی هاوڵاتیانی کەرکوک و ناوچەکانی تر بکات، و زوو بەزوو هێزە عەسکەریەکان بکشێنەوە و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە".

لەباەی دۆخی دووزخورماتو ناوچەکانیتریش دەڵێت "بە داخین بۆ خەڵکی ستەمدیدەی که‌رکوک و خانەقین و دوزخورماتوو ناوچەکانی تر، کە هەتا دوێنێ بوو گیرۆدەی خراپەکاری گەندەڵکار و قاچاخچیەکان بوون، وا ئەمڕۆش بە هۆی ئەم وەزعە ناجۆرەوە تووشی دەربەدەری بوون. ئەرکمانە هاوکار بین بە هەموو تواناوە بۆ کۆتایی هێنان بە مەینەتییەکان خەڵکی سەربەرزی ئەم ناوچانانە".

هاوکات ئەمڕۆش بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە بەیانامەیەکی هاوبەشدا داوای پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی ڕزگاری نیشتیمانیان کرد.



PM:07:24:19/10/2017