سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیادا کۆبوەوە و داوایکرد هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ، یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کلاودیا ڕوۆت جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبووەوە و داوایکرد، هاوکارییەکان بەردەوام بێت و کار بۆ بەپیشەیی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت، لە دەرەوەی بڕیاریی حیزبەکان، بۆئەوەی لە کاتی گرژیی و ئاڵۆزییەکان نەتوانرێت لە ململانێ ناوخۆییەکاندا بەکاربهێنرێن.
هەروەها داوایکرد، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بن، لە گەشەپێدانی دیموکراتی و ململانێی ئاشتیانەی دەسەڵات.
لەبارەی چارەنووسی پێکهاتە ئاینیی و نەتەوەییەکانی تری هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین لە بەڕێوەبردنی کارەکانیاندا، دەستێوەردان نەبێت و خۆیان ئیدارەی ناوچەکانی خۆیان بدەن".
لە بەرامبەردا کلاودیا ڕوۆت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، نیگەرانی خۆی لە گرژییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست گرژییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و وتیشی "ڕیفراندۆم، سەرجەم دۆستەکانی کوردی نیگەران کرد و زەمینەی خۆشکرد بۆ دەستێوەردانی دەرەکی".