ئەمەریکا: حکومەتی عێراق جوڵە سەربازییەکان تەحدید بکات بەھەماھەنگی ھەرێم

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، راگەیەندراوێکی لەسەر رووداوەکانی کەرکوک و رووبەڕووبوونەوەکانی پێشمەرگەو ھێزەعێراقییەکان بڵاوکردەوەو داوادەکات حکومەتی ناوەندی عێراق، جموجوڵی ھێزەکانی لەناوچە جێناکۆکەکان سنوورداربکات.


لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئەو ناوچانەی ئێستا ئاڵۆزی تێدایە، وەک ناوچەی جێناکۆک دەمێننەوە، تابەپێی دەستور یەکلا دەبنەوە.

ھەروەھا ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە، لە توندوتیژیەکانی ئاڵتون کۆپری، کە ئەمڕۆ شەڕ روویدا لەنزیک ناحیەی پردێ لەنێوان ھێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە، ئەمەریکا دەڵێت"لەنزیکەوە چاودێری رەوشەکە ئەکەین، داوا دەکەین ھەردوولا ئارامی بگێڕنەوە".


ئەمەریکا، پشتیوانی خۆی دەربڕیوە، لە ھەوڵەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق"بۆ پاراستنی ھاوڵاتیان کورد و دورکەوتنەوە لە پێکدادان".


ھەروەھا پێشنیاری کردووە "لەپێناو ڕێگەگرتن لە ھەرجۆرە ھەڵەتێگەیشتنێک یان بەریەککەوتنی زیاتر حکومەتی ناوەندی ھاندەدەین بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە لەڕێگای سنوردارکردنی جوڵەی ھێزە فیدراڵیەکان لەناوچە جێناکۆکەکان، بەشێوەیەک تەنھا بۆئەوانەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدرێن."

"ئەمەریکا پابەند دەبێت بەعێراقێکی یەکگرتوو، سەقامگیر، دیموکراسی و فیدراڵی. پابەندیش دەبێت بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان-ەوە وەک پێکھاتەیەکی سەرەکیی عێراق، بەردەوامدەبین لەکارکردن لەگەڵ ھەردوولا بۆ ھاندانی دیالۆگ" وەک لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ھێزەعێراقیەکان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، ئەمەریکا پێی وایە، ئەوە"ھیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت، کە ئەو ناوچانە وەک ناوچەی جێناکۆک دەمێننەوە تابەپێی دەستوری عێراق چارەسەر دەکرێن".


لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ھاتووە "ئێمە بەھەمان شێوە سوورین لەسەر کۆتاییھێنان بەشەڕی دژ بەداعش لەعێراق، و داوا لەحکومەتی عێراق دەکەین ھەوڵەکانی لەوبوارەدا لەگەڵ ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا چڕبکاتەوە تاوەکو ئەو ئەرکە تەواو دەبێت."

ھەروەھا ئەمەریکا بەپێویستی زانیوە، کە ئیداری ئەو ناوچانە لە رووی ئەمنییەوە رێککەوتنی لەسەر بکرێت.



AM:09:12:21/10/2017