بافڵ تاڵەبانی نهێنییەكی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر كەركوك ئاشكرا دەكات

بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، کە بەڵگەنامەیەکی لایە کە لە کۆی ٥٠ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ٣٨ ئەندامیان ئیمزایان لەسەر ئەوە کردووە کە سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ بنکەی سەربازی كەی وان.

بافڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەوە تاکە ڕێککەوتنە کە ئەو ئیمزای لەسەر کردووە و ڕێککەوتنەکەش ڕێگەی دەگرت لە ئەو کارەساتەی لە کەرکوک ڕوویدا و کەرکوکمان نەدەدۆڕاند و توشی ئەو شکستە نەدەبووین، بەڵام بە داخەوە دووبارە سەرکردایەتی کوردستان توانایان نەبوو کە بڕیاری ڕاست بدەن.

بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فرانس ٢٤، بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە کە هەندێک لە میدیا کوردیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو خیانەتی لە سەرکردە کوردەکان کردووە بەوەی ڕێگەی بە "میلیشیا شیعەکان و سوپای عێراق" داوە کە دەست بەسەر کەرکوکدا بگرن.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە خۆی لە مانۆڕی سەربازی لە کەرکوک بەدووربگرێت. بافڵ نیگەرانی خۆیشی لە شەڕی نێوان لایەنە جیاوازە کوردیەکان خستووەتەڕوو و هیوای خواستووە کە ڕێکبکەون و کاربکەن بۆ سەربەخۆیی لە داهاتوودا.

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو پێشهاتە، شەوی دووشەممە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ هێزە عێراقییەکان هێرشیان بۆ سەر کەرکوک و دەورووبەری و دەستپێکرد و لەو هێرشەیاندا تاوەکو ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەم، ناحیەی تازە، دووزخومارتوو، داقوق، قەرەتەپە، بنکەی سەربازیی کەیوان، فڕۆکەخانەی کەرکوک، کۆمپانیای غازی باکوور و چەند شوێنێکی تری شاری کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد. لە شەڕەکانی ئەو ڕۆژەدا بەلانیکەمەوە ٣٠ پێشمەگەر شەهیدبوون و زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەش برینداربوون و دواتر لە کەرکوک و دەورووبەری پاشەکشیان کرد.

هێزە عێراقییەکان لە بەردەوامیی پێشڕەوییەکانیاندا و لە دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بەبێ تەقە چوونە خانەقین، جەلەولا، مەخمور، دوبز، کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و بای حەسەن، گوێر، باشیک، شەنگال، بەنداوی موسڵ.





AM:10:14:21/10/2017