"تانک و زرێپۆشی عێراقی لە نزیک بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم کۆکراونەتەوە"

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزە عێراقییەکان تانک و تۆپی دوورهاوێژیان لە نزیک بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق تانک و تۆپی دوورهاوێژیان لە نزیک ئەو ناوچانە بڵاوکردووەتەوە، کە بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لێوە دەڕوات و نزیکە لە ڕێگا وشکانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و سوریا.

هاوکات ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، له‌ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێری ڕابردوودا هێزه‌كانی عێراق هێزێكی زۆری له‌ تانك و زرێپۆش و هامه‌ر و چه‌ك  وته‌قه‌مەنی ئه‌مریكی زیاتریان له‌ ناوچه‌كانی ده‌ووروبه‌ری هه‌رێمی كوردستان كۆكردۆته‌وه.

جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە کە عێراق هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ كۆتایی هێنانی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی نه‌داوه‌ و دەشڵێت "سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار دووپاتیكردووەته‌وه‌ پێویسته‌ عێراق پابه‌ندبێت به‌ ئه‌نجامدانی گفتوگۆی بێمه‌رج بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه".

ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە هێزە عێراقییەکان لە ئۆپراسیۆنێکدا پارێزگای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان کۆنترۆڵکرد و هێزەکانی پێشمەرگەش لەو ناوچانە کشانەوە و لە چەند ناوچەیەکیشدا گرژی و پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا ڕوویدا.



PM:06:44:23/10/2017