راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەی یەكێتی‌و پارتی

ئەمرۆ هەر دوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و پێویستیی یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزیی لایه‌نه سیاسییه‌كان کرا .

ئەمرۆ چوارشه‌ممه 25-10-2017، به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌.

بەپێی راگەیەنراوێكی کۆبوونەوەکە، بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و زه‌روره‌تی یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزیی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌م قۆناخه هه‌ستیاره‌دا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، به تێروته‌سه‌لی گفتوگۆ و تاوتوێ كران.

سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان لە کۆبوونەوەکەدا "هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان  له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌باییی ڕیزه‌كان و لێكگه‌یشتن لە نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هاوڕا و هاوهه‌ڵوێست بوون".

هه‌ردوولا دووپاتیان كرده‌وه كه هه‌موو هه‌وڵ و كۆششه‌كانیان بۆ تێپه‌ڕاندنی قۆناخی ئێستای رووبه‌ڕوو‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه و دۆزینه‌وه‌ی رێگەچاره بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان به شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستاندا بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان كرایه‌وه‌.



PM:08:48:25/10/2017