"ئەنجومەنى ئاسایش بۆ تاوتوێکردنى گرژییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کۆدەبێتەوە"

چەند دیپلۆماتکارێکى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایدەکەن، ئەمڕۆ ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنى گرژییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کۆدەبێتەوە و ئەمریکا نیگەرانی دەردەبڕێت لە ڕوبەڕوبوونەوەى نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.


ئاژانسی ئەنادۆلوی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆدەبێتەوە.

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕیکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی زۆر نیگەرانە لەڕووبەڕووبوونەوەی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و داواشی لە سەرکردە عێراقییەکان کرد ڕووبەڕووی کاریگەری و هەژمونی ئێران ببنەوە.

دوێنیش هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند "ئێمە پێشوازی لە بەیانامەکەی حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگر بەست، و راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، ئارامی و دیالۆگ و هەنگاو نانە بۆ پێشەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، ڕایگەیاند "هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی کە ئێران پشتیوانییان دەکات لە میحوەرى زومار هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە، بەڵام لە هێرشەکەدا پێشمەرگە سێ تانک و شەش هامەر و باجەریان لە ناوبردووە".

هەروەها داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەپەلە دەستێوەردان بکات و کۆتایی بەم ڕەفتارانەى عێراق بهێنێت کە ئەنجومەنى ئاسایش بە رەفتارى سەرشێتانە ناوی هیناوە.

ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە شەڕ و ڕووبەڕوبونەوە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە مەخمور و ناوچەی مەحمودیە ڕوویدا کە بەهۆیەوە ١٥ سەربازی عێراقی بە دیلگیراون و ژمارەیەک هامەرییش تێکشکێران و ژمارەیەک سەربازیش كوژراون و برینداربوون.



PM:06:15:26/10/2017