پشکی 17%ی بودجەی هەرێم کەمدەکرێتەوە

پشکی 17%ی بودجەی هەرێم کەمدەکرێتەوە و پەرلەمانتارێکی نزیک لە عەبادیش دەڵێت "لە 17%وە کەمکراوەتەوە بۆ لە 13% چونکە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان دەکرێت".


پەرلەمانتارێکی نزیک لەسەرۆک وەزیرانی عیراق لەزاری حەیدەر عەبادیەوە ئاشکرایکردوە، لەپڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراقدا بەشی کوردستانیش جێگەی کراوەتەوە، ڕاشیگەیاندوە، "بەڵام بودجەی ھەرێمی کوردستان جیاوازە لەساڵانی پێشوو، چونکە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان دەکرێت و لە 17%وە کەمکراوەتەوە بۆ لە 13% چونکە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان دەکرێت".

عەلی عەلاق، پەرلەمانتاری عیراق و نزیک لە سەرۆک وەزیرانی عیراق بەئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)ی ڕاگەیاندوە، "عەبادی پێیڕاگەیاندوم لەپڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عیراقدا بەشی کوردستانیش جێکراوەتەوە".

ڕونیشیکردۆتەوە، "لەچوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018دا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان دەکرێت نەک ڕێژەی 17%ی ھەرێم ڕەوانە بکرێت بۆ حکومەت، واتە ھەر پارێزگایەک چەندی بەربکەوێت بۆی ڕەوانەدەکرێت لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوانەکەی".

ئەو پەرلەمانتارەی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشتر کاتێک بودجەی 17%ی ھەرێم ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرا، بڕیاربوو ئەگەر ھەر زیادەیەکی مایەوە بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی عیراق، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بڕیارە نەبوە.

جەختی لەوەشکردوە، "وەک چۆن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عیراق لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان مامەڵە دەکرێت، ھەر بەو شێوەیەش مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەگەری ئەوەش ھەیە بودجەی ھەرێم لەپرۆژەی بودجەی 2018ی عیراق بگاتە لە13% نەک لە 17%".



PM:03:41:27/10/2017