زانیاریی لەسەر مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی ئاشكرا دەبێت

بەوتەی ڕاوێژكارێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی بەردەوام دەبێت و جەختیشدەكاتەوە، كە "وەك مەرجەعی باڵا و پێشمەرگەی مەیدان لە پڕۆسەی سیاسی" دەمێنێتەوە.

هێمن هەورامی، ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، "سەرۆك بەردەوامە".
ڕاشیگەیاندووە، "دڵسۆزانی ڕێگای كوردایەتی و پێشمەرگە قارەمانەكان موژدەتان لێ بێت، سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی باڵا و پێشمەرگەی مەیدان لە پڕۆسەی سیاسی و بەرگری لە كوردستان بە گوڕتر بەردەوام دەبێت".

بەپێی زانیارییەكانی سپی سبەینێ 29ی تشرینی یەكەمی 2017 لەدانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستاندا، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەخوێنرێتەوەو پڕۆژەیاسایەكیش ئامادەكراوە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت.

هەر ئەمرۆ جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ 28/10/2017 نامەیەك لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە پەرلەمانی كوردستان و لە دانیشتنی سبەی 29/10/2017 دەخوێندرێتەوە.



PM:07:07:28/10/2017