" کۆبوونەوەی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە "

‌فۆتۆ.. فەرماندەکانی پێشمەرگەو فەرماندەیەکی سووپای عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمرۆدا لە موسڵ
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە کە لەموسڵ سازکرا نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک و وەفدەکەی عێراق بە وەفدەکەی پێشمەرگەیان راگەیاندووە " وەلآمتان دەدەینەوە ".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو کۆبوونەوەیەوە بە سپی میدیای ڕاگەیاند" بەهۆی سووربوونی وەفدی سووپای عێراق و حەشدی شەعبی لەسەر ئەوەی کە دەبێت تێکڕانی دەروازەی فیشخاپور بکەوێتە دەستی هیزە عێراقییەکان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک".

ئەمە لە کاتێکدا کە فەرماندە عێراقییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەندێک لەو داوایانەی حکومەتی فیدراڵ کردوونی، وەفدی پێشمەرگە داوایان کردووە بگەرێنەوە بۆ سەروخۆیان تا بڕیاری کۆتایی بدەن، لایەنی عێراقی چاوەروانی وەلآمی پێشمەرگە دەکات.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە داواکاری عێراقییەکان زۆر لەوە زیاتر بووە کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە کورد خاوەن دەسەلآت بووە تیایداو ئەو ناوچانەی لایەنی عێراقی داوای دەکات سەر بە پارێزگای دهۆکن و داواکاریەکن پێچەوانەی دەستوری عێراقە".

بەپێی ئەو زانیاریانە وەفدە عێراقییەکە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەوە هەر داواکاری عێراق نییە، بەڵکو داواکاری تورکیاو ئێرانیشە کە دەیانەوێت ئەو ناوچانە بکەونە دەستی هیزە عێراقییەکان، تورکیا و عێراقیش رێککەوتن کە لەو ناوچەیە دەروازەیەکی گەورە بکەنەوە کە لەو دیوەوە لە ژێر دەستی تورکیا و لە دیوی عێراقیشەوە بەدەستی حکومەتی ناوەندی بەغداوە بێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە وەفدی کوردی بە سەرۆکایەتی کەریم شەنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ بووە، وەفدە عێراقییەکە بە وەفدی پێشمەرگەیان راگەیاندووە کە وەلآمیان دەدەنەوە. 

ئەو کۆبوونەوەیە دوای راوەستانی شەڕی ٢٤ کاتژمێرەی نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە دێت کە دوو رۆژ لەمەوبەر لە ناوچەی فیشخاپور شەڕێکی زۆر قوس لەنێوان هەردوولادا روویدا.



PM:07:23:28/10/2017