بەغدا بڕیار لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەدات

وتەبێژی حكومەتی عیراق ئاشكرایدەكات لە بودجەی ساڵی داهاتوو پشكی 17%ی هەرێم نامێنێت و هەر پارێزگایەك بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان پارەی بۆ تەرخان دەكرێت.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عیراق، بە تۆڕی هەوڵی سلیمانی وتوەد: لە چەند دانیشتنێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 تاوتوێكراوەو لە داهاتوویەكی زۆر نزیكیشدا ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی.

هەروەها دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی هێشتا رەشنووسەو ئەگەری زۆرە گۆڕانكاری لە بڕگە و مادەكانیدا بكرێت، بۆیە ناتوانرێت ناوەڕۆكەكەی بۆ مێدیاكان ئاشكرا بكرێت".

سەبارەت بە چارەنووسی پشكی (17%)ی هەرێم لە پڕۆژەیاساكە، وتەبێژەكەی عیراق رایگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت رەشنووسی پڕۆژەیاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران هەموار بكرێتەوە یان بڕگە و مادەی دیكەی بۆ زیاد بكرێت، بۆیە لەئێستادا زووە باس لە پشكی (17%)ی هەرێم لە رەشنووسەكەدا بكرێت.




PM:09:42:28/10/2017