ووردەكاری پڕۆژەیاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم

ئەمڕۆ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەڕێگەی پەرلەمانەوە بەسەر هەرسێ دەسەڵاتی (دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردندا دەبەش دەكرێت و زۆرینەی دەسەڵاتەكانیش دەدرێتە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.

بەگوێرەی ئەو پرۆژە یاسایەی كە هەرسێ فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو لەسەری ڕێككەوتوون لە چوار ماددە پێكدێت و پیادەكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكانی هاتوو لە حوكمی ماددەكانی یەكەم و دووەم، هەروەها بڕگەكانی (دوو، شەش، دە، یازدە، پازدە، هەژدە، نۆزدە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەبێت.

ئەو دەسەڵاتانەی دراوەتە سەرۆك وەزیران بریتییە لە:
 
لە مادەی یەكەمی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم دا هاتووە " هەرێمی كوردستانی عێراق سەرۆكێكی هەیە  و سەرۆكایەتی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێم دەكات".

هەروەها لە مادەی دووەمدا هاتووە " سەرۆكی هەرێم وەك وتەبێژ و دەمڕاستی  گەلی هەرێمی كورستان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمەكە قسە دەكات و بەرپرسە لە هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێم".

هەروەها لە بڕگەكانی مادەی دەی یاساكەدا كە دراوە بە  سەرۆك وەزیران،  هاتووە ، (دەركردنی لێبوردنی گشتی ، ڕێگەنەدان بە هاتنەناوەوەی سوپای فیدراڵی بۆ هەرێم بە بێ ڕەزامەندی پەرلەمان ، دەركردنی مەرسوم بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران یاخود وەزیر ، پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكان و دەركردن و خانەنشینكردنیان بە پێی یاسا 

هەروەها پیادەكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكانی هاتوو لە بڕگەكانی (سێ، چوار، پێنج، حەوت، هەشت، حەڤدە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەبێت.

هاوكات پیادەكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكانی هاتوو لە بڕگەكانی (یەكەم ٢، چواردە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دەبێت.

بە پێی پڕۆژە یاساكە ئەم سێ دەسەڵاتەی هەرێم دراوە بە پەرلەمانی كوردستان:

بڕگەی یەك لە مادەی ١٠ی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم بریتییە لە "واژۆ و دەركردنی ئەو یاسایانەی  كە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە دادەڕێژرێت و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا  و  هەروەها مافی تانەلێدانی گشتی و بەشی هەیە و دەتوانێت جارێكی تر بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان ".

هەروەها  بڕگەی دووەم لە هەمان مادە دەڵێت "دەركردنی مەرسوم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێم لە كاتی تەواوبوونی ماوەی پەرلەماندا".

 بڕگەی ١٤ی مادەكە  تیایدا هاتووە " دامەزراندنی سەرۆك و دادوەرەكان و سەرۆكی داواكاری گشتی دوای ئەوەی لە لایەن ئەنجومەنی دادوەریەوە كاندید دەكرێن".

پیادەكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكانی هاتوو لە بڕگەكانی (دوازدە، سیازدە، شازدە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری دەبێت.

بە پێی پڕۆژە یاساكە ئەم سێ دەسەڵاتەی هەرێم دراوە بە ئەنجومەنی دادوەری

بڕگەی ١٢ی مادەكە كە تیایدا هاتووە " دەركردنی مەرسوم بۆ قبوڵكردنی نامەی دەستلەكارێشانەوەی  ئەنجومەن و یاخود وەزیر و ڕاسپاردنیان بۆ  بە بەردەوامی لەكارەكەیان تا ئەو كاتەی ئەنجومەنێكی نوێ یاخود وەزیرێكی نوێ دەستبەكاردەبێت".

هەروەها. لە بڕگەی ١٣ داهاتووە  " دامەزراندنی پلە تایبەتەكان لە سەر بنەمای ئەو داواكارییەی وەزیری تایبەتمەندی بوارەكە یاخود ئەنجومەنی وەزیران داوای دەكات".

بڕگەی ١٦ تیادا هاتووە "بەخشینی مەدالیا و خەڵاتی تایبەت بە پێی یاسا بە كارەكان".  

لە پڕۆژەیاساكەدا هاتووە، كاركردن بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ڕادەگیرێت تا هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمان.



PM:12:52:29/10/2017