" ئومید خۆشناو و فرسەت سۆفی ئەشکەنجەیان دام "

رابون مەعروف ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ بەبۆکس‌و کوتەک‌و دانیشتن لەسەر ئەژنۆو چەندین شێوەی دیکە ئەشکەنجەیان داوەو بەڤیدیۆ تۆماریان کردووە، ئومێد خۆشناو و فرسەت سۆفی ئەشکەنجەیان داوم.
 
شەوی ڕابردو دوای هێرشکردنە سەر پەرلەمان، پەرلەمانتاران‌و ڕۆژنامەنوسان ئازارو ئەشکەنجەدران، ڕابون مەعروف پەرلەمانتار بەڕۆژنیوزو کەناڵی NRT یان راگەیاندووە‌، "دوایی ئەوەی من کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەم ئەنجامدا، چوینە هۆڵی پەرلەمان‌و دانیشتنەکە بەردەوام بو تا کاتژمێر ٧ی شەو، دواتر من لەنوسینگەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بێگەر تاڵەبانی بوم، بەڵام بێگەرد تاڵەبانی پێشنیاری کرد کە بچینە نوسینگەی جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە، تاوەکو ئەو بەرپرسیارێتی پاراستنەکە بگرێتە ئەستۆو هەمومان بپارێزێت، لەبەرئەوەی جەعفەر ئیمینکی لەپشکی پارتییە”.
 
ناوبراو ده‌ڵێت، "لەنوسینگەی سەرۆکی پەرلەماندا بەشێکی زۆر لەپەرلەمانتارانی پارتی وەک شەقاوە مامەڵەیان دەکرد، لەبەرچاوی پەرلەمانتاران پەلاماریان دەداین‌و هێرشیان دەکردە سەرمان”.
 
رابون مه‌عروف ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه‌ "دوای هاتنی سیداد بارزانی بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجەیان دام”.
 
باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "پاشان سیداد بارزانی هات بۆ پەرلەمان هەمویان چونە سەرەوەو لەگەڵیاندا کۆبونەوە، من بەزۆربەیانم وت کە ئەمە پیلانێکە، بەڵام ئەوان منیان لەناو ئۆفیسەکە بە تەنها بەجێهێشت، و پاشان ١٠ بۆ ١٥ کەس هاتن‌و بەرپرسانی نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانیان دەرکرد، کەواتە ئەو کەسانە لەپلەی باڵاوە هاتبون کە توانایان هەبو ئەو بەرپرسانە دەربکەن، پاشان بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجەیان دام‌و هەمو ئەو ئەشکەنجانەیان بەڤیدیۆ تۆمارکرد”.
 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رایگه‌یاندووه‌، "بۆماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجەیان دام تاوەکو من داوای لێبوردن لەمەسعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێم بکەم، بەڵام ئەگەر من داوای لێبوردن لەخەڵکی کوردستان دەکەم ئەگەر کەموکورتیم هەبووە”.
 
ناوبراو وتیشی، "بەشێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجەیان دام، بەبۆکس‌و کوتەک‌و دانیشتن لەسەر ئەژنۆو چەندین ئەشکەنجەی دیکە”.



PM:06:54:30/10/2017