دۆکۆمێنت..بڕیارێکی کۆسرەت رەسوڵ لەسەر رووداوەکانی کەرکوک جێبەجێناکرێت

دوو رۆژ دوای رووداوەکانی کەرکوک و داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، کۆسرەت رەسوڵ بڕیارێکی گرنگ لەسەر ئەو رووداوە دەدات، وا دوو هەفتە بەسەر ئەو بڕیارەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی جێبەجێیان نەکردووە.

بەپێی دۆکۆمێنتێکی یەکێتی کە ناو و واژووی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی لەسەرە و رۆژی ١٨ تشرینی یەکەم دەرچووە، داوا دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی کەرکوک ئەنجام بدرێت، بەڵام بەپێی بە دواچوونەکانی سپی، تا ئێستا ئەو لیژنەیە دروستنەکراوە.

لە نووسراوەکەدا کە دەست سپی کەوتووە، کۆسرەت رەسوڵ داوا دەکات " زۆر زۆر بەداخەوە بۆ کەرکوک و هەموو دڵسۆزەکانی کەرکوک و ئەو رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوودا روویاندا، بۆیە تاکو بەرچاومان روون دەبێ لیژنەیەک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە ماوەی ٢٤  سەعات لێکۆڵینەوە بکەن لە خیانەتکردن لەشاری کەرکوک و بەرپرسیارانی ئەم کارە سزا بدرێن، جگە لەوە هیچ کۆبوونەوەیەک سوودی نییە".

سپی زۆر هەوڵیدا بەرپرسێکی یەکێتی لەسەر ئەم پرسە لێدوانی بۆ بدات، بەڵام هیچی دەستنەکەوت، وەک سپی زانیوویەتی تا ئێستا هیچ لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە پێکنەهێنراوە.

بەرەبەیانی ١٦ تشرینی یەکەم هێزەکانی عێراق، سووپاو حەشدی شەعبی پەلەماری کەرکوکیان دا، لەسەرەتای هێرشەکاندا پێشمەرگە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەرگری کرد، بەڵام دواتر زۆرێک لە پێشمەرگەکانی هێزەکانی ٧٠ سەنگەرەکانیان چۆڵکردو دواتریش هێزەکانی پارتی هاوشێوەی یەکێتی شارەکەیان جێهێشت و بەتەواوی کەرکوک کەوتە دەست هێزە عێراقییەکان.

لەو شەوەوە کێشە کەوتۆتە نێوان کۆسرەت رەسوڵ و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی و ئاراسی شێخ جەنگی و لاهوری شێخ جەنگی. 

لەیەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە دوای ئەو رووداوە رۆژی ١٨ ی تشرینی یەکەم بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەچوو، بڕیار درا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکانی کەرکوک و پاشکشەی هێزەکانی یەکێتی لەو شارە ئەنجام بدرێت.   




PM:08:51:31/10/2017