بێگەرد تاڵەبانی بۆچی بۆ رابوون مەعروف گریا
پەرلەمانتارێک دیووە شاراوەکەی ئەو شەوە ئاشکرا دەکات

پەرلەمانتارێکی گۆڕان هۆکاری گریانی بێگەرد تاڵەبانی بۆ رابوون مەعروف ئاشکرا دەکات، هەروەها دیووە شاراوەکانی ئەو شەوە دەگێڕێتەوە کە هێرشکرایە سەر پەرلەمانی کوردستان. 

بێستون فایەق پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەر رووداوەکانی شەوی ٢٩-٣٠ تشرینی یەکەم دەڵێت " ئەوەی كاك رابون مەعروف لەبەرنامەی تاوتوێی (ئێن ئارتی) باسی كرد تەنها روداوەكانی نێو ژوورەكەی جێگری سەرۆكی پارلەمان بوو، رابون مەعروف ئاگاداری رووداوەكانی دەرەوەی ژوورەكە نەبووە، ئەوەشی دەوترێ پارلەمانتاران رابوونیان بەجێهێشتووە، بنەمایەكی نییە، چونكە پارلەمانتاران هەموو لە نێو پارلەماندا حەسر بوون و رابون مەعروف پێش هەموو پارلەمانتاران برایە دەرەوەی پارلەمان".

لە درێژەی نووسینەکەیدا ناوبراو دەڵێت " رووداوەكان ‌دوای كۆتایی هاتنی دانیشتنی پارلەمان زیاتر گەرم بوون و داوا كرا هیچ ئەندامێكی پارلەمان نەچێتە دەرەوەی پارلەمان و لە ژوور و هۆڵەكانی فراكسیۆن بمێننەوە دیارە كاك رابون ئەوكاتە چووبووە ژوورەكانی سەرۆكایەتی و ئێمەش بۆ فراكسیۆن".

ئەو ئەندام پەرلەمانە باس لەو شەوەو چوونە ژوورەی هێرشبەران دەکات و نووسیوویەتی " دوای ئەوەی خەڵكەكە داخڵی حەوشەی پارلەمان بوون و بەشێكیان چەكداری مەدەنی بوون، ئێمە لە فراكسیۆن دەستبەجێ كەوتینە سۆراخی كاك رابون ، من و كاك مەحمود بیكەیسی ‌چوینە نهۆمی سەرۆكایەتی (دوای دوو ساڵ یەكەمجارە دەچمە ژوری كاك جەعفەر ) كە ئیمە چووین لە ژوورەكەی جێگری سەرۆكی پارلەمان جگە لە رابون مەعروف و چەند كەناڵێكی راگەیاندن خاتو بێگەرد تاڵەبانی، مامۆستا مەروان گەڵاڵی ‌و سۆران عومەر بەگشتی زیاتر لە دە ئەندامی پارلەمان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان دانیشتبون و چوار دەوری ژوورەكە بە پاسەوانەكانی جێگرو سكرتێری پارلەمان و پۆلیسەكانی پاسەوانی پارلەمان تەنرابون واتە پارێزراوترین شوێنی پارلەمان لەو كاتەدا ئەو ژوورە بو، خۆشی وتی باشم بۆیە من و كاك مەحمود‌ گەڕاینەوە ژوورەكانی خۆمان و ئەوانی تر مانەوە ئێمەش دڵنیابوینەوە لە پارێزراوی شوێنی كاك رابون ، بەڵام دیار بوو كە پێشتر لێی دراوە و خوار چاوی برین بوو ". 

بێستوون فایەق دەڵێت " دوای ماوەیەك هەموو ئەو نهۆمەی سەرۆكایەتی كە ژووری جێگری سەرۆكی پارلەمانی تێدایە واتە شوێنەكەی رابون پڕ پڕ بون لە چەكدارو پاسەوانی جۆراو جۆر و نەناسراو ، ئێمە لە هۆڵەكانی نهۆمی سەرو تر بوین بێگەرد تاڵەبانی و جەعفەر ئیمنكی هاتنە سەرەوە ، جەعفەر ئیمنكی چوە فراكسیۆنی پارتی و بێگەرد تاڵەبانیش بۆ لای ئێمە كە ئەوكاتە ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی بوین ، بێگەرد تاڵەبانی بە چاوی گریانەوە بە منی وت "وەزعی رابون باش نییە" من وتم "چی بكەین و چیمان پێ دەكرێ" وتی "لێرە كەسمان هیچمان پێ ناكرێ"، دیاربوو ئەوانەی ئەو كاتە لە ژوورەكەی جێگری سەرۆكی پارلەمان بون بە جەعفەر ئیمنكی و بێگەرد تاڵەبانی و ئەوانەی تریشەوە هێزە تایبەتەكە دەریان كردبون، دیسان لەگەل كاك مەحمود بیكەیسی ویستمان بچینەوە نهۆمی خوارەوە بۆ هەواڵی كاك رابون، بەڵام ئاسان نەبوو بە تەواوی هۆڵ و رێرەوەكە پڕ بو لە چەكدارو خەڵكی نەناسراو ، لەو سەروبەندەدا سیداد بارزانی و چەند سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیەكی پارتی كە هاتبونە پارلەمان چونە فراكسیۆنی پارتی ئێمەش لە فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ هاوڕێیانی فراكسیۆنی یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو چەند ئەندامێكی تر لە مشاوەرەی هەواڵی كاك رابوندا بوین، سیداد بارزانی و هاوەڵەكانی هاتنە ئەو ژوورەی ئێمەو نزیكەی دە دەقە مانەوە ( نەك یەك سەعات )، ئەوان دەیانویست بڵێن ئێوە خەمتان نەبێ روداوەكە بەرەو كۆتایی دەچێ، بەڵام یەكەم قسەی فراكسیۆن و پارلەمانتارانی ئەو دانیشتنە پاراستنی گیانی رابون بوو، سیداد وتی ( ئەو كەسە هیچ كیشەی نییە و سەلامەتە ) دواتریش تا دڵنیابوین كە رابون بە سەلامەتی براوەتە دەرەوە هیچ پارلەمانتارێك پارلەمانی جێنەهێشت".
لە کۆتایی نووسینەکەی، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت " "فراكسیۆنی گۆڕان تا كۆتایی ڕووداوەكە بەدوای هەواڵی ڕابون مەعروف بووە و بە تەنیا بەجێیان نەهێشتووە".

شەوی ٢٩ – ٣٠ تشرینی یەکەم ژمارەیەکی زۆر لایەنگری پارتی حەرەمی پەرلەمانی کوردستانیان شکاندو هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک رۆژنامەنووس و پەرلەمانتار رابوون مەعروف.













PM:10:28:31/10/2017