پەرلەمانتارێکی یەکێتی مەترسیەکان لەبارەی بودجەی هەرێمەوە ئاشکرادەکات

ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، بەبێ هیچ هۆكارێكی یاسایی پشکی کورد پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عیراق لە ئەنجومەنی وەزیران كەمكراوەتەوە، دەشڵێت "زۆر گرنگە بەزووترین كات گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغداد بكرێت".


د.بەختیار شاوەیس، په‌رله‌مانتارى يه‌كێتى له‌ پەرلەمانی عیراق لە پێگه‌ى تايبه‌تى خۆی ڕایگەیاندووە، "حاڵی حازر ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عیراق لە ئەنجومەنی وەزیرانە و تیایدا پشكی كورد لە 17% بۆ 12.67% كەمكراوەتەوە بەبێ هیچ هۆكارێكی یاسایی و سەرژمێریش نەكراوە، جگە لە بەهانەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەگەر لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەردرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا ئەوا پەرلەمان تەنها دەتوانێت دوو جۆر دەستكاری بكات".

ئەو په‌رله‌مانتارەى يه‌كێتى دەشڵێت "لە پەرلەمان تەنها دەتوانرێت كار لەسەر كەمكردنەوە لە خەرجیەكان یان  گواستنەوە لەنێوان خەرجیەكان بكات، بۆیە ناتوانرێت ڕێژەكە زیاد بكرێت، هەر بۆیە زۆر گرنگە بەزووترین كات گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغداد بكرێت بۆ ڕاستكردنەوەی ئەمە، چونكە ئەم كەمكردنەوەیە كاریگەری سلبی دەبێت".

ڕاشیگەیاندووە، پێدەچێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی ئایندە لەبەغداوە دابینبكرێت بەوپێیەی كێڵگە نەوتیەكان و داهاتی سنوور و فڕۆكەخانەكان گەڕاوەتەوە بۆ حكومەتی ئیتیحادی، لەگەڵ پشكی هەرێم لەدەرمان و پێداویستیە تەندروستیەكان، پشكی هەرێم لە خۆراك،  پشكی هاوڵاتیانی هەرێم لەحەج.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێویستە ئەم دەرفەتەكە لەدەست نەدرێت و ئەمەش نەكرێت بەمەسەلەی ڕیفراندۆمەكە، كە گوێتان نەگرت، چونكە دواتر پەشیمانی دادمان نادات.



PM:02:25:03/11/2017