وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاو نیچیرڤان بارزانی پەیوەندیەکی تەلەفونی ئەنجام دەدەن

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، پشتگیریی وڵاتەکەیشی ‌بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتدەکاتەوە‌. 
 
بەپێی راگەیێندراوێک لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانییەوە، "رێکس تیلەرسن نیگه‌رانیی خۆی له‌ گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕیوە و پشتگیریی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لە چوارچێوەی‌ عیراقدا دووپاتكردووەته‌وه"‌. 

هه‌روه‌ها هیوای خواستووە ئه‌و ئاگربه‌ست و دیالۆگه‌ مه‌یدانییه‌ی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵدا هاتووەته‌ ئاراوه‌، ببێته‌ دیالۆگێكی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌ هه‌وڵه‌كانی عیراق بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ پێشڕه‌ویی سه‌ربازی، هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی سیاسی له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان دووپاتكردووەتەوە‌‌، هیوایشی خواستووە ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی عێراق بۆ گفتوگۆ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری رێکكاری سه‌ربازی هانبده‌ن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جه‌ختی له‌وەش‌ كردووەته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕ و پێكدادانی ناوێت، چونكه‌ هیچ شتێك چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت هه‌موو كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوەندی چاره‌سه‌ر بكات.

لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25 ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ئەوە یەکەمجارە نێچیرڤان بارزانی و رێکس تیلەرسن قسە بکەن. 



PM:10:30:03/11/2017