نەجمەدین کەریم بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نەکردووە
سپی ئەو پرسانە ئاشکرا دەکات کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت

د. نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتی نەکردووە،  باڵی کۆسرەت رەسوڵ جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە خۆی بەشداری نەکردووە، باڵەکەی تریش ناڕزاین بەشداری بکات.

ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی لە کۆبوونەوەدایە، خاڵی سەرەکی کۆبوونەوەکە بەستنی کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، باڵی ناڕزای لە سیاسەتی ئێستای یەکێتی کە ژمارەیەک مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئیدارەی دەکەن، لەگەڵ بەستنی کۆنگرەدان تا مانگی شوباتی ٢٠١٨، هەرچی باڵەکەی ترە تا ئێستا هەڵوێستیان لەسەر بەستنی کۆنگرە رۆشن نییەو لەم کۆبوونەوەیەدا رایان یەکلایی دەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا د. نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارێزگاری لەسەر کارلابراوی کەرکوک بەشدار نییە، باڵی ناڕازی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لەژێر فشاری ئەواندا نەیتوانیووە بەشداری بکات، بەلآم باڵی کۆسرەت رەسوڵ جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەخۆی بەشداری نەکردووە.

کۆبوونەوەی پێنج شەممەی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە لەسەر بەشداریکردنی بافڵ تاڵەبانی و د. نەجمەدین کەریم بووە کێشە لەنێو خودی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیدا، بەیانییەکەی ژمارەیەک پێشمەرگە بەناوی پێشمەرگە کۆنەکانەوە، بەخۆپیشاندان چوونە بەردەم بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، وەک فشارێک بەئامانجی بەستنی کۆنگرەو بەشدارینەکردنی د، نەجمەدین کەریم لە کۆبوونەوەکەدا، بەلآم باڵی کۆسرەت جەختیان کردۆتەوە کە تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆچی دوایی کردووە، چیتر پێویست ناکات بافل وەک نوێنەری تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، لەسەر ئەم دوو پرسە ناکۆکی دروستبوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە بەستنی کۆنگرەی یەکێی سازکراو ئامادە سازیکرا بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی. 



PM:02:31:04/11/2017