سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرا دەکات

سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوەی خۆی کرد، بەلآم دوای تەواوکردنی خاڵی یەکەمی کۆبوونەوەکە مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکە جێدەهێڵن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگوگۆکردن بووە لەسەر راپۆرتی لیژنەی حیزب و راپۆرتی لیژنەی حکومەت، لیژنەی حیزب لەلایەن رەفعەت عەبدولآ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەوە سەرۆکایەتی کراوەو لە دە ئەندام پێک‌هاتووە، لیژنەی حکومەتیش قادر حەمەجان ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتی کراوەو هاوشێوەی لیژنەکەی تر ئەندام پێکهاتووە. ئەو لیژنەیە لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بڕیاری لەسەر دراوە، پێش کۆچکردنی تاڵەبانی.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا گفتوگۆ لە سەر راپۆرتی حیزب کراوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی لیژنەی حیزبی بەکۆی هەموویان جگە لەیەک ئەندامی لیژنەکە پێشنیار کراوە کە کۆتایی بەکاری سەرجەم مەکتەبی سیاسی جگە لەجێگر بهێنرێت، تەنها یەک ئەندام لەگەڵ مانەوەی مەکتەبی سیاسیدا بووە، کاتێک کە ئەو پێشنیارە دەخرێتە دەنگدانەوە ٢٥ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەگەڵ هەڵوەشانەوەی مەکتەبی سیاسیدا دەبن، ١٠ ئەندام دژی پێشنیارەکە دەوەستێتەوەو، ١٠ ئەندامیش تەحەفوزیان دەبێت، بەم شێوەیە بە زۆرینەی دەنگ مەکتەبی سیاسی هەڵدەوەشێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا پێشنیار کراوە مکتەبی سیاسی نوێی یەکێتی ٩ ئەندام، یان ١١ ئەندام بن. ( کۆسرەت رەسوڵ وەک جێگری سکرتێر کە لەکۆنگرەوە هەڵبژێردراوە دەمێنێتەوە تا بەستنی کۆنگرە ).

بەرامبەر ئەم پرۆسەی دەنگدانە مەکتەبی سیاسی بە کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەم و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی و زۆربەی ئەندامانی تری مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکە جێدەهێڵن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، بە چوونە دەرەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکە تەواو نەکراوەو گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی نوێ نەکراوە، هاوکات گفتوگۆ لەسەر تەوەرەی دووەمی کۆبوونەوەکە کە قسەکردن بووە لەسەر راپۆرتی حکومەت ئەنجام نەدراوە.

ئەمڕۆ ٤ تشرینی دووەم سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دەستەبالآیەی یەکێتی یە دوای داگیرکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە.   
 

PM:08:04:04/11/2017