"سپی" ئامانجی سەردانەكەی عەلی باپیر ئاشكرادەكات

عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی چەند ڕۆژێكە خۆی و خێزانەكەی و یەكێك لە كوڕەكانی بە سەردانێك گەیشتۆتە وڵاتی ئەڵمانیا.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی پەرلەمانی عێراق بە "سپی" ڕاگەیاند سەردانەكەی عەلی باپیر بۆ دەرەوەی وڵات و بەدیاریكراوی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەركردنی هاوسەرەكەی و كوڕەكەی بووە.

ئەو كادرە پێشكەوتووەی كۆمەڵ ڕاشیگەیاند "هاوسەری مامۆستا عەلی باپیر ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی ئازاری بڕبڕەی پشتەوە باری تەندروستی تێكچووە، هاوكات كوڕەكەشی كە ناوی شەریفە و هەرزەكارە، ماوەیەك لەمەوبەر توشی ڕووداوی هاتوچۆبوو باری تەندروستی ناجێگیرە و ئامانجی سەردانەكەی بۆ چارەسەری پزیشكی ئەو دوو كەسە نزیكەی بووە".

ئەحمەدی حاجی ڕەشید هەموو ئەو زانیاریانەشی بەدرۆخستەوە كە باس لەوە دەكەن عەلی باپیر بۆ مەبەستێكی تر سەردانی دەرەوەی كردبێت.

هەفتەی پێشوو عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە فرۆكەخانەی بەغداوە بە هاوەڵی هاوسەرەكەی و كوڕەكەی گەیشتە وڵاتی ئەڵمانیا.



PM:02:25:05/11/2017