پەرلەمانتارێکی پارتی پشتیوانی لە دەستپێشخەریەکەی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی گۆڕانەوە دەکات

په‌رله‌مانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی‌ له‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ ناو حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و داواش له‌گۆڕان ده‌كات بەدەم داواکەی نێچیرڤان بارزانیەوە بچن.


ئاری ھەرسین، په‌رله‌مانتاری‌ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، "دەربڕینی خواست‌و ئارەزوی گەڕانەوەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سەر ئیش‌و کاریان لەوەزارەتەکانیان لەلایەن بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە مایەی دەستخۆشیە و بەھەموو توانامان پشتیوانی لێ دەکەین".

په‌رله‌مانتاری‌ فراکسیۆنی پارتی ده‌ڵێت، "چاوەڕوانیشمان لەبەڕێزان لەبزوتنەوەی گۆڕان بەپیرەوە ھاتنی ئەم خواستە نیشتیمانیەیە".

ئاری ھەرسین ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاندووه‌، "ئەمڕۆ کوردو کورد پێویستـمان بەیەکترە، ھەرچی ھەڵدانەوەی مەلەفی لێکتێنەگەیشتن‌ و لێکترازانی ڕابوردوو ھەیە ھیچ خزمەتێک بەئێستامان ناکات کە ھەرچی گورگی داگیرکەرو نەیاری نەتەوەکەمان ھەیە، یەکی خستوون بۆ تواندنەوەمان‌ و سڕینەوەی نەخشەی کوردستانە لەسەر جوگرافیای ناوچەکه‌ و گۆی زەوی".

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەهەولێر رایگەیاند "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێزێكی كاریگه‌ری ناو پڕۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمە، پێمانخۆشه‌ وه‌زیره‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو حكومه‌ت‌و ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌".



PM:08:01:06/11/2017