مێرد منداڵێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

هێزە ئەمنییەکانى ئێران کۆڵبەرێکى کوردى تەمەن ١٣ ساڵەیان لە گوندى قوتورى قەزاى خۆى لە پارێزگاى ورمێ لەسەر گواستنەوەى ٢٠ لیتر سوتەمەنى دەستگیرکرد و دواتر لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتویانە.


ماڵپەڕى فەرمی کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانى ئێران لە گوندى قوتور لە قەزاى خۆى لە پارێزگاى ورمێ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کۆڵبەرێکى تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوى یوسف ڕەسوڵى لەسەر گواستنەوەى ٢٠ لیتر بەنزین دەستگیرکردووە و  بە قورسى ئەشکەنجەیان داوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا تووشى خوێنبەربوونى مێشک بووە و بەو هۆیەوە گیانى لە دەستداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، خەڵکى گوندى قوتور لە کاردانەوەیاندا بەرامبەر بە کوژرانى ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٣ ساڵە لە ژێر ئەشکەنجەى هێزە ئەمنییەکانى ئێراندا، چوونەتە بەردەم بنکەى هێزە ئەمنییەکانى ئێران لەو ناوچەیە و دەستیان بە خۆپیشاندان و ئەنجامدانى ناڕەزایەتى کردووە.

هاوکات ماڵپەڕى کوردپا بڵاویکردووەتەوە، ڕەسوڵ یوسفى تەمەن ١٣ ساڵ لە نزیک خاڵى سنوورى ڕازی لە نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستاندا بەهۆى گواستنەوەى سوتەمەنییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بردویانە بۆ بنکەى سەربازیى ڕازی و لەوێ بە قورسى ئەشکەنجە کراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو مێرد منداڵە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى بایرام عەزیمى کە جێگری سەرۆکى بنکەى سەربازیى ڕازى بووە زۆرترین ئەشکەنجەدراوە و لە دواى ئەشکەنجەدانى زۆریشی، سەری ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٣ ساڵەیە لەلایەن بایرام عەزیمى دەکێشرێت بە شیشێکدا و بەو هۆیەوە لە ناو بنکە سەربازییەکەدا گیان لە دەست دەدات.

بەڕێوەبەرى ناحیەى قوتوریش ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و هۆکارى گیان لە دەستدانى ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٣ ساڵەیە بۆ ڕوودانى شەڕ گەڕاندووەتەوە و ئەوەش زیاتر بووەتە هۆى ناڕەزایەتیى هاووڵاتیانى ئەوناوچەیە و هاووڵاتیانیش لە بەردەم بنکەى سەربازیى ڕازیدا کۆبوونەتەوە و دەستیان کردووە بە دەربڕینى ناڕەزایەتى.

لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵیش هێزە ئەمنییەکانى ئێران لە سنوورى هەنگەژاڵى سەر بە شارى بانە تەقەیان لە ٢ کۆڵبەر کرد و کوژران و بەو هۆیەوە ماوەی چەند ڕۆژێک ناڕەزایی بەرفاوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.



PM:06:06:07/11/2017