داوا دەكرێت هەرێم بە نێوەندگیری ئەمەریكا لەگەڵ بەغدا كۆببێتەوە

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان چەند پێشنیارێك بۆ لایەنی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق دەخاتەڕوو و داوا دەكات بە نێوەنگیریی لایەنی سێەم گفتوگۆ بكەن.

هۆشیار عەبدوڵا لە نوسراوێكدا چەندین پێشنیار بۆ وەفدی كوردی دەخاتە ڕوو و دەنوسێت: ئەو زمانە سیاسیەی  کە لە هەرێمەوە لە میدیاکانەوە قسەی پێ ئەکا بۆ دەستپێکردنیی گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد زمانێکی سیاسی گونجاو و شایستە نیە، ئەو شێوازە لە داواکردن پڕیەتی لە تەنازول و سازش کە وا دەکات لایەنی عێراق پێداگیرتربێ لەسەر سەپاندنی مەرج و سزاکانی بەوانەشەوە کە نادەستوری یاخود لە دەرەوەی بنەمای سازانن.

هەروەها دەڵێت:  هێزە سیاسیە کوردستانیەکان کاتێک ڕوەو بەغداد قسە دەکەن، بە هەمان کلتوری پێش ڕیفراندۆم قسە دەکەن ، بە دیدی ئێمە ، ئێستا کاتی ئەوەیە به گوتارێکی نوێیی جیاواز قسە لەگەڵ عێراق بکرێ کە جەختکردنەوە بێ لە جێبەجێکردنی دەستور وەک خۆی و هەرێمیش پابەندی تەواوی خۆی بێ لادان نیشان بدات ، بۆئەوەی هەرێم لانیکەم پشتیوانی نێودەوڵەتی مسۆگەر بکاتەوە بەوەی ئەو پابەندی دەستورە.

دەقی_پێشنیارەکە :  

((پێشنیار ئەکەم ، کە لایەنی هەرێم تکای بۆ گفتوگۆی دوقوڵی لەگەڵ حکومەتی عێراق نەبێ  ، بەڵکو داوای نێوەندگیری لایەنی سێهەم بکا ، داوابکا کە بۆ لانەدان لە دەستور و نەبونی پێشێلکاری لە هیچ لایەکەوە ، لایەنی سێهەم ، نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا ،  بەشدار و چاودێری ئەو گفتوگۆیانە بن.
بێ چاودێری نێودەوڵەتی گەیشتنە ڕێکەوتن ئاسان نابێت بە تایبەت کە تەفسیری جیای دەقە دەستوریەکان هەر لایەنە و لەبەرژەوەندی خۆی و لاستیکی بونی هەندێ ماددەی دەستور کێشەیەکی دیارە و لەسەرەتاوە هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی ناکۆک بون لەسەری.

زۆر گرنگە ئەم تەوەرانەی خوارەوە ئەولەویەتی گفتوگۆکان بن :

کێشەی_شوناسی_دەوڵەت، ئایا دەوڵەتی عێراق ، وەک شوناس دەوڵەتێک ئەبێ مەدەنی و لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبون و پابەندبون بەدەستور ڕێکدەخرێتەوە ، یا وەک دەوڵەتێکی گائیفی فاشیل ، دەمێنێتەوە.

کێشەی_خاک ، ناوچە جێناکۆکەکان لە چوارچێوەی ماددەی 140 ، بەتایبەت ئیدارەدانی هاوبەشی دۆسێی ئەمنی .

کێشەی_پشکی_هەرێم لە موازەنەی ئیتیحادیدا،چارەسەری ڕیشەیی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

کێشەی_هاوسەنگی_پێکهاتەکان_لە_دامەزراوەی_سەربازیدا لە ناویاندا #کێشەی_پێشمەرگە ، چارەسەری دەستوری هێزەکانیی پاسەوانی هەرێم بە گوێرەی سیاقە دەستوریەکان ، موچە و تەجهیز و تدریب  وتەسلیحیان .

کێشەی_جیاکردنەوەی_دەسەڵاتە_ئیتیحادیەکان_لەگەڵ_دەسەڵاتی_هەرێمەکان، بەگوێرەی دەستور.

#کێشەی_چۆنێتی_بەشداری_لەداودەزگای_دەوڵەتی_عێراقدا .

زۆر تەوەری تر هەن ئەبێ وردەکاریان بخرێتە گفتوگۆوە بەڵام ئەو هێڵە سەرەکیانە گرنگە بە #ڕێکەوتنی_نوسراو_واژۆکراو بە چاودێری نێودەوڵەتی پەسەندبکرێن و ببێتە دۆکۆمێنت بە دەست هەرێمەوە ))

((تێبینی ، ئێمە وەک گۆڕان ، دژی ئەوەین ئەم کابینەیەی ئێستا بەردەوام بێت و مەلەفی گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بگرێتە ئەستۆ ، داوای کابینەیەکی نوێ ئەکەین ، لە ژێر چاودێری ئەو کابینە نوێیە وەفدێکی لێهاتوی شارەزا تەشکیل بکرێ و ئەرکی گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بگرێتە ئەستۆ ))

پێشتر ، پێشنیاری ئەوەم خستە ڕو له حاڵەتی کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە موازەنەی ساڵی ۲۰۱٨ ، لە سەدا ۱۷ بۆ سەدا ۱۲ ، نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆک کۆمارەوە بۆ وەزیر و پەرلەمانتارەکان بکشێنەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق.

هەڵەی ڕیفراندۆم ، دوچاری دۆخێکی کردوین ،لە پێناوی ژیانی خەڵکدا ئەبێ بە هەموان ئەوە ڕزگار بکەین کە ئەتوانین ڕزگاری بکەین ، بۆ ئەوەش جوڵەی سیاسی مەدروس و ئیرادەی سیاسی جێگیر و ناشتنی تێروانینی پێشوی دەوێ بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی هەرێم لە هەمو ڕویەکەوە بەتایبەت  دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات و شەفافیەت لە دابەشکردنی سامان و داهاتدا.

ئەبێ بە ئیرادەی گۆڕانکاریەکی ڕیشەییەوە  ، کلتوری سیاسەتکردن و ئیدارەدانیی پێشوی هەرێم ڕەتبکەینەوەو بە تەواوی وەلایبخەین و سەرلەنوێ لە هەردو ئاستەکە(ناوخۆی هەرێم/بەڕوی عێراقدا) دەستپێبکەینەوە.

کاتیەتی هێزە سیاسیە کوردستانیەکان ڕاستگۆیانە و دور لە دروشمبازی و موزایەدە قۆناغێکی نوێ دەستپێبکەن و لەو سیاسەتە دور بکەونەوە کە نەوشیروان مستەفا ناوی نابو سیاسەتی دو پێوانەیی ، بە ڕبەیەک ئەیانکڕی و بە ڕبەیەکی تر ئەیانفرۆشت، کاتیەتی چیتر نە خۆیان بخەڵەتێنن نە خەڵکی بەشمەینەتی هەرێمی کوردستان.

هۆشیار عەبدوڵڵا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
۱۰ ی نۆڤەمبەری ۲۰۱۷
سلێمانی



PM:03:10:10/11/2017