میکانیزمی ناردنی بودجە و مووچە لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکرێت

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەران میکانیزم و شێوازی نوێی ناردنی بودجە ومووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ئاشکرا دەکات و داوا دەکات حکومەتی ھەرێم بەپەلە وەفدێک رەوانەی بەغدا بکات.


لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاڵا تاڵەبانی ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند "لە ئێستادا قۆناغێکی نوێ لەنێوان پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا ھاتۆتە پێشەوە و پێویستە بەزوترین کات حکومەتی ھەرێم وەفدێک رەوانەی بەغدا بکات".

هەروەها دەڵێت "پێویستە ئەندامانی ئەو وەفدە ئەو کەسانە نەبن کە پێشتر دانوستانیان لەگەڵ بەغدا کردووە و شکستیان ھێناوە".

ئاماژەی بەوەشدا ئێستا حکومەتی ھەرێم گەیشتۆتە ئەو باوەرەی پێویستە نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات  لەکاتێکدا ئێمەساڵانی پێشترئەو داوایەمان لەحکومەتی ھەرێم کردووە بەڵام گوێی بۆنەگرتووین لەکاتێکدا نەشیتوانیوە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکات.

راشیگەیاند "لە ئێستادا رەشنووسی پرۆژەی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە پەسەند کراوە و ئەوەی ماوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارە کوردەکان بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی  مافی کورد لە پرۆژە یاساکەدا دەکەین".

لەبارەی ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان  ئاڵا تاڵەبانی وتی "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتووە  لەئێستادا بەغدا ئامادەیە مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکات بەڵام دەبێت لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چاکسازیی تێدا بکرێت".

لەبارەی دانانی پارێزگاری نوێی کەرکوکەوە ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی "بەغدا پارێزگاری کەرکوک دەداتەوە کورد، بەڵام ئەوەی گرفتە لیستی برایەتی ئامادە نیین بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن تەنھا بەیاننامە و نارەزایی بڵاودەکەنەوە و ئامادەنین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدەن".



PM:07:17:10/11/2017