ئەندامێکی خانەی راپەڕاندن نهێنیەکانی هێزی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای دەکات کە هێزی پێشمەرگە ٢١٠ هەزار چەکدارو چەندان لیوای وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام لە ١٦ تشرینی یەکەمدا یەک رۆژ نەیتوانی بەرگری لە کەرکوک و خورماتوو بکات.

شۆڕش حاجی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە نووسینێکدا بەناونیشانی " گۆڕان داوای چی دەکات‌و پارتی‌و یەکێتی چی دەکەن" ئاشکرای دەکات " بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا پارتی نزیکەی (70.000) پێشمەرگەی لەسەر یەکەکانی هەشتا ناونوسکردوەو هێزەکانی زێرەڤانیش نزیکەی (56.000) کەس دەبن. هەروەها یەکێتی نزیکەی (57.000) پێشمەرگەی لە یەکەکانی حەفتا ناونوسکردوەو هێزەکانی بەرگری‌و فریاکەوتنیش نزیکەی (27.000) کەس دەبن. ئەمە جگە لە لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەو چەندین فەوج‌و لیواو یەکەی تایبەتی هەندێ لە بەرپرسە حیزبییەکان‌و دامەزراوەکان".

لەو نووسینەدا شۆڕش حاجی دەڵێت "ئەمەش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە شکستخواردوەیە کە پارتی‌و یەکێتی لە بیست‌و شەش ساڵی رابردو بەرامبەر هێزی پێشمەرگە پەیڕەویان کردوە. ئەگینا دۆست‌و دوژمن گەواهی ئەوە دەدەن کە هەمو پێشمەرگەو فەرماندەکان لە روبەڕوبونەوەی دوژمناندا درێغیان نەکردوەو کەسانی ئازاو خۆڕاگربوون"‌.

لەو بابەتەدا ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن، دەڵێت " ێشمەرگە لای خەڵکی کوردستان‌و بەرچاوی دنیا بۆتە سیمبوڵی خۆڕاگری‌و ئازایەتی. بەڵام پارتی‌و یەکێتی نەیانتوانیوە لە بەرامبەر پێشمەرگەدا بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان هەڵسن‌، بەڵکو شکستیان بە هێزی پێشمەرگە هێناوەو شکۆی پێشمەرگەیان شکاند. لە بەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان بەچاوی رێزەوە تەماشای ئەرک‌و قوربانییەکانی پێشمەرگە دەکاو هەمیشە ویستویەتی مافەکانی پێشمەرگە پارێزراو بێ‌و هەمو پێداویستییەکیان بۆ دابین بکرێ، تاکو بتوانن لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا سەربەرزو سەرکەوتو بن."




PM:08:46:12/11/2017