ئاڵا تاڵەبانی: فراکسیۆنی پارتی شت نەما بە پەرلەمانتاری لیستەکانی تری نەڵێن

پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، ئاڵا تاڵەبانی هێرشی توند دەكاتە سەر فراكسیۆنی پارتی و دەڵێت " فراكسوێنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیچ وشەیەكی ناشایستە نەما بە هاوڕێ پەرلەمانتارە كوردەكان نەڵێن، ئەوانەی ئەركی خۆیان لە پەرلەمان بەجێهێنا، بەپیاوی عێراق و شتی تر وەسفیان كردین، ئێستاش خۆیان دەگەڕێنەوە".

 
ئاوێنە: ئاڵا تاڵەبانی لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاندوە”فراكسوێنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت هەندێ پەرلەمانتاریان، هیچ وشەیەكی ناشایستە نەما بە هاوڕێ پەرلەمانتارە كوردەكان نەڵێن، ئەوانەی ئەركی خۆیان لە پەرلەمان بەجێهێنا، بەخائین و پیاوی عێراق و شتی تر وەسفیان كردین. ‎هیچ نەما بە عێراقی عروبە و پەرلەمانی شۆڤێنی و حكومەتی تائیفی نەڵێن”.
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەڵێت" پەرلەمان لەبڕیارەكانی دژی هەرێم پاشگەزنەبنەوە ئەمان نەگەڕێنەوە بەغداد، وەكو پەرلەمانتارە كوردە خائینەكان”.
 
ناوبراو باس لەوە دەکات”‎لای ئەوان دكتۆر سەلیم جبوری پیاوێكی شۆڤێنی دژ بە كورد بو، ئەندامێكی فراكسوێنی پارتی زۆر جار ئەیوت بابچم بە شەق لەكورسیەكەی بیهێنمە خوارەوە، جێگرە كوردەكەی سەرۆكی پەرلەمان تا دوێنێ لاواز و بێ هەڵوێست بو لای ئەوان. ‎كەچی ئەمڕۆ لە بەیاننامەكەیاندا سوپاسی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی دەكەن”.
 
لە درێژەی پسۆتەکەیدا دەڵێت”‎بەیاننامەكەیان چەند جارێك باس لە نیشتمانی عێراق و یەكڕیزی دەكات. ‎ئێستا بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە بۆ لای خوشك و برا پەرلەمانتارە عەرەبەكان، هەر وەك لە بەیاننامەكەیاندا دەڵێن پێكەوە لەسایەی دەستور و لەژێر ڕەشماڵی عێراق و عێراقییەكاندا درێژە بەكارەكانیان دەدەن. بڕیارێكی باشیان داوە. پێویستی بە بەیاننامە نەدەكرد چونكە شكمان لە عێراقی بون و خەمی بەرژەوەندی گەلانی عێراقمان نییە”.
 
‎ئاماژەی بەوەشداوە”رێزم بۆ هەندێ لە پەرلەمانتارنی فراكسیۆنەكەیان كە بەردەوام پەیوەندیان لەگەڵ كردوم زۆر ناڕازی بون لەسەر هەندێ بابەت، زۆر داوای هاوكاریان لێكردوین بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەك سازبكەین بۆ گەڕانەوەیان، بەتایبەت ئامادەنەبونیان گەیشتە نۆ كۆبونەوەی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر پانزدە كۆبونەوە بەشدارنەبن بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مافی ئەندامێتی پەرلەمانیان لێ دەسێنرێتەوە”.
 
لەكۆتاییشدا وتویەتی”‎خۆ هەندێكیان نایانەوێت لەسەر كوردایەتی دوربخرێنەوە بۆ لەسەر ئامادەنەبون فەسڵ بكرێن”.



PM:09:52:16/11/2017