فوئاد مەعسوم رێگریی لەجێبەجێکردنی پێشنیارێکی لاهور و باڤڵ تاڵەبانی دەکات

د. فوئاد مەعسوم ، سەرۆک کۆماری عێراق رێگری لە هاتنی فەوجەكانی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كەركوك و خـورماتوو دەكـات و ئامادەش نیە بەرپرسە کوردەکانی کەرکوک ببینێت.

پاش رووداوەكانی كەركوك و خورماتوو، پێشنیاری هاتنی فەوجەكانی سەر بە لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەو دوو شارە لە 30 / 10 / 2017 لە لایەن باڤڵ و لاهوور تاڵەبانییەوە كراو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بە پێشنیارەكە رازی بووەو دواتر لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتە ئەمنییەكاندا بڕیاری لەسەر درا، بەڵام فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمارە كوردەكەی عێراق بە بیانووی ئەوەی پرسی پێنەكراوەو هەروەها نەمانی ئەو فەوجانە مەترسی لەسەر ئەمنیەتی خۆی دروست دەكات رێگری لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكات.

شوان داودی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیـَراق بە (هەواڵ)ی راگەیاندوە " ئەو هەڵوێستەی بەڕێز سەرۆك كۆمار كە خۆی كورد و یەكێتیشە، جێگەی نیگەرانییە”.

داودی رەتیكردەوە هاتنی ئەو فەوجانە بۆشایی ئەمنی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار دروست بكەن و وتی " حیساب بۆ ئەوەش كراوەو ئێستا لەبەر دۆخە تایبەتەكەو گرنگی هاتنی ئەو فەوجانە بۆ كەركوك و خورماتوو، دەوامی ئەو فەوجانە زیادكراوە تاكو قەرەبووی ئەوانە بكەنەوە كە دێن بۆ كەركوك و خورماتوو.

وتیشی " مەعسوم ئامادە نیە بەرپرسە کوردەکانی کەرکوک ببینێت، تەنانەت بەڕێز ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی داوای لێكردووە بێتە كەركوك بەڵام بەداخەوە دكتۆر فوئاد ئامادە نییە بێتە كەركوك، لە كاتێكدا مام جەلال زۆربەی كاتەكانی بۆ شاری كەركوك تەرخان ئەكرد".




PM:12:22:18/11/2017