پەرلەمانتارێکی یەکێتی هێرشێکی زۆر قورس دەکاتە سەر پارتی

پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێڕاق هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی و دەڵێت " پارتی موفلیس بووە" هەروەها دەڵێت " پارتی وتویەتی چۆن لەگەڵ لوسکەیەکی وەک ماکگرۆک دادەنیشین".

لە نوسینێکدا د. بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە نووسینێکدا بەناوی "پارتی و خیانەت لەبەغدای پایتەختەوە بۆ دڵی کوردستان! دەڵێت " ئەوەی کەپێویستە هەموو لایەک لێی تێگەشتبن ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە مەبەستێک کە هەیبوە بۆ داتاشینی چەمکی خائین بەتایبەتی بۆ یەکێتییەکان تەنها ئەوە بوە کە لەهەندێک جوڵەی سیاسی و بڕیاری تاکرەوی و سەرکێشی شەخسی هەندێک لەسەرانی پارتی ، یەکێتیی ملی دانەداوە و ستۆپی بە پارتی کردوە و نەیهێشتوە لەوە زیاتر قومار بە ئایندەی هەرێمی کوردستانەوە بکات".

لەدرێژەی نووسینەکەیدا ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت " لەگەڵ هاتنەوەی پارتی بۆ ئەو بەغدایەی کەموفلیس بوە و پۆرەی نەماوە و هیچ خێری تیانیە بۆ کورد وەک چەند رۆژێک بەر لە ۲٥/۹ دەیانوت لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ پەرلەمانی عیراق ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک مەترسی هەڵوەشانەوەی لەسەر دروستبوو ، کە هۆکاری راستەقینەی ئەمە بۆ هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە تورکمان و عەرەبانە ناگەرێتەوە کە ۱٥۱ ئیمزایان کۆکردوەتەوە بەڵکو پەیوەندی بە کۆنەبونەوەی ئەندامانی پارتیە لەلیستی برایەتی و دانیشتنیانە لەهەولێر کە زیاتر لە مانگێکە دەستی دەستی دەکەن".
شاوەیس لە بڕگەیەکی تردا دەڵێت " پارتی لە خیانەتدا بەشی هیچ حیزبێکی کوردستانی نەهێشتوەتە دەیەوێت بەم قسە بێتامە دەریایەک لەهەڵەی سیاسی کوشندە کە هەموویان خیانەتن لە دەستکەوتەکانمان ، لە خوێنی شەهیدان و لە رەنجی دەیان ساڵەی تێکۆشەرانی ڕێگەی کوردایەتی  گەرەکیەتی خۆی بدزێتەوە و پەردەپۆشیان بکات، ئەگەر نا خیانەت ئەوەیە کەگوێ لەبەدیلی ئەمریکی و داواکاری دۆستەکانمان لە ئەوروپا و ناوچەکە نەگریت. خیانەت ئەوەیە کە بڵێی تەحەمولی هەموو مەسئولەتێکی هەڵدەگرم و نەیکەیت، خیانەت ئەوەیە بڵێی هەر کەسێک لەگەڵ ریفراندۆم نەبێت لەشەمەندەفەرەکە جێدەمێنێت، خیانەت ئەوەیە بە ماکگۆرک بڵێی کاتم نیە لەگەڵ ئەو لوسکەیە دابنیشم و دواتر بپارێیتەوە بۆ دیدارێک".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەشڵێت " خیانەت ئەوە یە کە دوای شەڕێکی نابەرامبەری چوار سەعاتی و هەبوونی هەشتاو شەش شەهیدی یەکێتیی تۆمەت دروست بکەیت لەکاتێکدا کە خۆت بەبێ تەقە رۆژئاوای کەرکوک ، چاڵە نەوتەکانی هاڤانا و بای حەسەن ، دوبز ، شەنگار و مەخمور ، عەین زالە ، گوێر ، باشیک ، زومار ، تلکێف ، عانە ، سد موصل ، وانکی ، بەرتەلەت تەسلیم کردبێت".





PM:11:00:19/11/2017