بەغدا پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند تا كۆتایی ئەمساڵ دۆسێی قەرزی جوتیاران دادەخرێت و بەغدا بڕی 770 ملیار دیناری شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات.

نه‌جیبه‌ نه‌جیب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران و وه‌زاره‌تی بازرگانیش چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌و ته‌رخانكردنی پاره‌ی پێویست.

وتیشی: "سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، حكومه‌تی عیراقی پابه‌ند كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ دۆسێی قه‌رزی جوتیاران پێش كۆتایی ئه‌مساڵ دابخات، بۆیه‌ له‌ڕه‌شنووسی بودجه‌ی 2018دا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران له‌ساڵانی رابردوو ته‌رخاننه‌كراوه".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران راشیگەیاند "پێویسته‌ پێش كۆتایی ئه‌مساڵ، سه‌رجه‌م شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران بۆ ساڵانی "2104، 2015، 2016، 2017"  خه‌رجبكرێت".

سه‌باره‌ت به‌كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ جوتیارانی هه‌رێم له‌ به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی گه‌نمی ئه‌و چوار ساڵه‌، له‌سه‌ر حكومه‌تی عیراق ماویانه‌، نه‌جیبه‌ نه‌جیب وتی:" بڕه‌كه‌ی 770 ملیار دیناره‌و تا كۆتایی ئه‌مساڵیش ته‌واوی شایسته‌كانیان پێده‌درێت".



AM:09:48:20/11/2017